ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێی هەردوو یاسای فیدراڵی و هەرێمیی پارێزراوە، بەڵام زۆرجار لە جێبەجێکردندا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتگوێ دەخرێت. لەگەڵ ڕوودانی پێشێلکاری نوێ بە بەردەوامی، قورسە کە لەوە بگەین ڕووداوەکە چۆنبووە و بە شێوەیەک لێی تێ بگەین کە سوودی هەبێت بۆمان.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە نزیکەوە سەیر بکەین کە لە کوێ پێشێلکارییەکان ڕوودەدەن و چ ڕۆژنامەنووس و دەزگایەک دەکرێنە ئامانج و لەلایەن کێوە، ئەمە بە شێوەیەکی باش دەریدەخات کە لە لایەن چ دەسەڵاتدارانێکەوە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022 بەلایەنی کەمەوە 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن هەبووە.

بێجگە لە 137 ڕووداوی دیکە کە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و نەینەوای  ڕوویانداوە و چەندین ڕووداوی جۆراوجۆری تر.

ڕێگریکردن لە ۱۹٥ ڕووماڵی میدیایی و 68 دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و 64 دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی یاسایی لەلایەن دادوەرەوەو 46 هەڕەشە یان “سوکایەتیکردن” و 26 لێدان یان هێرشی جەستەیی کە لە ڕاپۆرتی چاودێریی میدیاییدا خراونەتە ڕوو.

هەروەها سەنتەری میترۆ وتی، 16 ڕۆژنامەنووس ناچارکراون بەڵێننامەیەک ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوێک بڵاونەکەنەوە، شەش پەخشی ڕاگەیاندن بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە تێکدراون و چوار ڕۆژنامەنووس بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و هێرش کراوەتەسەر ماڵی ۳  ڕۆژنامەنووس، ۲ ئۆفیسی میدیاش کراونەتە ئامانج لە لایەن هێرشی موشەکییەوەو دەزگایەکی میدیاییش بە زۆر داخراوە.

ئامارەکان زیادبوونی زەوتکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان پیشان دەدەن بە درێژایی ساڵەکان، ۳٥۳ سەرپێچی لە ساڵی 2021 و ۳۸٥  لە ساڵی 2020 و 231 لە ساڵی 2019.  راپۆرتەکانی سەنتەری میترۆ بۆ دەیەی ڕابردوو ئەوە پیشان دەدات کە لە 2013وە جموجوڵەکان بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری توندتربوون.

نسار ڕیکۆرد شیکردنەوەی بۆ ڕاپۆرتەکانی ٢٠٢٢ی سەنتەری میترۆ کردووە لەگەڵ هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی هەندێک بابەتی تر کە چاودێریی دەکرێن، لەوانە جوگرافیای شوێنەکان و دابەشکردنی موچەی مانگانە، دەستتێوەردانە سیاسیە ئاشکراکان، ئەو میدیایانەی کراون بە ئامانج  وە کاریگەری سیاسیەکان. ئەم شیکردنەوەیە لەسەر بنەمای ١٣٧ ڕوداوە نەوەک پێشێلکاریی تاک. ئەم شیکارییە بۆ سوود بینینە، بۆ وێناکردنی ڕەوشی ئێستای ئازادی ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستان.

هەرچەندە ئەمە سنوردارکراوە بەپێی ئەو داتایانەی بەردەستن، ئەمەش ژمارەی تەواوی پێشێلکاریەکان دەرناخات. نسار ڕیکۆرد ئاگاداری ڕووداوەکانی ترە کە لە ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆدا ئاماژەیان پێنەدراوە. لە زۆر حاڵەتدا، گروپە ئازادە ڕۆژنامەوانییەکان پشت بە خۆیان دەبەستن بۆ ڕاپۆرتکردنی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت، هەندێکیشیان پێیان باشترە بڵاوی نەکەنەوە، لەبەر چەند هۆکارێکی جیاواز و خۆلادان لە  تۆڵەسەندنەوە. هەربۆیە ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ هەموو پێشێلکارییەکان نییە، بەڵام ئەو تەحەدایەی کە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە ڕاستیدا جدیترە لەوەی کە داتاکان پیشانی دەدەن.

لە کوێ پێشێلکارییەکان دەکرێن؟

هاوسەنگیی جوگرافی بەرچاو لەنێوان ئەو ڕووداوانەدا هەبووە کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە و نزیکەی سێیەکی ڕووداوەکانیش لە هەرسێ پارێزگا گەورەکە ڕوویانداوە. هەولێر زۆرترین ڕووداوی هەبووە کە ٤٦ ڕووداو بوون  دهۆک و سلێمانی 43 ڕووداویان هەبووە، هەڵەبجە کە بچوکترین پارێزگایە تەنها سێ رووداوی لێکەوتووەتەوە، هەروەها لە هەریەک لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک یەک ڕووداو تۆمارکراون، کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان، بەڵام ئەو پەیامنێرانە تێوەگلاون کە سەربە هەرێمی کوردستانن.

لە هەرێمی کوردستان دوو زۆنی فراوانی کۆنتڕۆڵکراوی سیاسی هەیەو پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و هەولێر و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەسەڵاتدارن کە پێشتر بە “زۆنی زەرد” و “زۆنی سەوز” ناویاندەبرد.

نزیکەی دوو لەسەر سێی ڕووداوەکانی پێشێاکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لەناوچەی زەردی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوویانداوە کە دەکاتە ٨٧ ڕووداو و یەک لەسەر سێی ڕووداوەکان لەناوچەی سەوزی یەکێتیدا ڕوویانداوە کە ٤٨ ڕووداون. هەندێ لە شارەکان سەربە پارێزگایەکن کە لە ناو ناوچەی دەسەڵاتداری پارتیدایە و خەڵکەکەی زیاتر سەر بە یەکێتین کۆیە بارچاوترین نمونەیە بۆ ئەم دیاردەیە: ئەم جیاوازییە بچوکە کاریگاریی کردۆتەسەر داتاکان و ئەو دوو ڕووداوەی لە کۆیە ڕوویانداوە دەبێت سەر بە زۆنی سەوز حساب بکرێن.

ئەم داتایانە ئەوە پیشان دەدەن کە پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان زیاتر ڕوو دەدات لەو ناوچانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنتڕۆڵی دەکات وەک لەو ناوچانەی یەکێتی کۆنترۆڵی دەکات، هەرچۆنێک بێت ڕوون و ئاشکرایە کە ڕوداوەکان بەشێوەیەکی ئاسایی لە زۆنی یەکێتیشدا ڕوودەدەن.

لە مانگی کانوونی یەکەمدا، نسار ڕیکۆرد ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر تێڕوانینی ڕۆژنامەنووسان لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە پایزی 2022وە دۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات بە هۆی یەکێتییەوە. ئەم بەڵگەیە لەلایەن داتاکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ڕووداوی پێشێلکاریەکانی ئازادی ڕۆژنامەنووسان بە تێکڕا تەنها دوو ڕووداو بووە، لە ٦ مانگی دووەمی ساڵدا بە تێکڕا زیادی کردووە بۆ ٥.٨ ڕووداو.

لە ناوچەی زەرد، ڕێژەی 7.8 ڕووداو هەبوو لە هەر مانگێک لە نیوەی یەکەمی ساڵدا، کە لە نیوەی دووەمی ساڵدا کەم بووەتەوە بۆ 6.5 ڕووداو لە مانگێکدا.

بە گشتی مانگی ئاب مەترسیدارترین مانگ بوو بۆ ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا کە ٣٠ ڕووداوی تێدا تۆمار کراوە. بەشێکی زۆری ئەو ڕووداوانە پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان هەبوو لەکاتی خۆپیشاندانێکدا کە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە ڕێکخرابوو کە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی دیارە.

ڕۆژی 31ی تەمووز، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە داوای کرد لە 6ی ئابدا خۆپیشاندان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. لەوەڵامدا دەسەڵاتداران شەپۆلێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد کە تێیدا ئەندامانی پەرلەمانیش دەستگیر کران.

لە نێوان 5 و 6ی ئابدا 22 ڕووداوی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان هەبووە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لەوانە سیانزەیان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی و نۆیان هێزی پەیوەندیدار بە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامیانداون. بەپێی سەنتەری میترۆ، ڕۆژنامەنووسانی ئێن ئاڕ تی، کەی ئێن ئێن، وێستگە، دیبلۆماتیک، و ڕادیۆ دەنگ، راست نیوز، کوردنیوز، ڕاچڵەکین و بی ئێم سی و شارپرێس و چەندین پەیامنێری دیکە کراونەتە ئامانج، دەستگیرکردنەکان بۆ کەم کردنەوەی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان بوون.

بەڕێوەبەری بەرنامەی سی پی جەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان وتی “دەسەڵات لە کوردستانی عێراق گەیشتوونەتە ئاستنزمییەکی نوێ لەگەڵ دەستبەسەرکردن و گێچەڵکردن بە پەیامنێران و میدیاکاران کە بە دوای ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان دەکەون”.

وتیشی “کوردستانی عێراق جارێک پەناگە بوو بۆ ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێستا هەرێمەکە ئەنجامدەری سەرەکی پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە”.

کێ بەرپرسە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی لە دژی ڕۆژنامە نووسان دەکرێن؟

ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە حەوت جۆری فراوانەوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەت یان بەرپرسانی حیزبی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستا،  ێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی و بەرپرسانی حکومی و حزبی سەر بە یەکێتی، هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو کەسانەی ناسنامەیان نەزانراوە.

پێشێلکارییەکان کە لە ناو خۆپیشاندانەکاندا دەکران بە هی هێزەکانی ئاسایش دەناسران، ئەگەر بە جلی مەدەنیشەوە ئەنجام بدرانایە.

بەپێی سەنتەری میترۆ، هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بەرپرس بوون لە نیوەی ڕووداوەکانی ئەو ساڵە، هەروەک داتاکان دەریدەخەن کە هەراسانکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کردارێکی باوە بۆ ئەو پەیامنێرانەی کە لە هەولێر و دهۆک لە مەیدانەکەدا کار دەکەن.

بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسانی کەنالڵی سپێدە، یوسف مەحمود و سەلمان حەسەن، لە 17ی شوباتدا خۆپیشاندانێکیان لەلایەن شۆفێرانی تاکسییەوە لە دهۆک ڕووماڵ کرد، “لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە هێرشیان کرایەسەر”، مەحمود لە ماوەی ئەو ساڵەدا دووجار زیاتر کراوەتە ئامانج: لە 31ی ئایار کاتێک هێزە ئەمنییەکان ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانی مامۆستایانیان تێکداو 1ی ئۆکتۆبەریش کاتێک ڕێگریی لێکرا لە بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی خەڵاتدا کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە ڕێکخرابوو.

١٤ڕوداوی تر کە پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووسانەوە هەبووە ڕێگەیان پێنەدراوە ئامادە ببن لەو چالاکیی و بۆنانەی کە لە لایەن پارتییەوە ڕێک خراون لە شارەکانی دهۆک و هەولێر. هەرچەندە لەوانەیە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان تێدا کردبێت، بەڵام ئەکتەری سەرەکی وەک بەرپرسێکی مەدەنی دەرکەوت و لەبەرئەوە بە شێوەیەکی جیاواز باس دەکرێت. هەروەها لە سێ کاتی جیاوازی ساڵی ڕابردوودا لەکاتی رومالی دابەشکردنی مووچەدا هێرش کراوەتەسەر ڕۆژنامەنووسان.

بۆ تیشک خستنەسەر ئەم جۆرە ڕووداوانە، سەنتەری میترۆ بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکات کە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 11ی کانوونی دووەمدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەنجامدا، بەڵام بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ئۆفیسەکەی زێباری ڕێگریی لە رۆژنامەنووسانی ڕووداو و ئێن ئاڕ تی کرد بەشداریی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا بکەن.

دوای ئەوەی سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە، زێباری وەڵامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە “ئازادییەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان بە بێ مەرج ڕێز لێگیراون و پەسەند کراون”، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو داتایانەی بە درۆ نەخستەوە.

هەروەها چاودێرانی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بە بە خراپی ڕەووتی ئازادی ڕادەربڕین کردووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ساڵی 2022دا ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان “بەردەوام بوون لە سەرکوتکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەکان. زێباری بە هەمان شێوە ڕەخنەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەتکردەوە”.

ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی بەرپرس بوون لە 36 ڕووداو کە دووەم زۆرترین ڕووداو دەکات لە ناو داتای ڕووداوەکاندا. هەروەها دوو ڕووداوی دیکە هەبوون کە لەگەڵ ڕووداوەکانی ناوچەی حکومڕانیی یەکێتی و دەسەڵاتدارانی یەکبگرێتەوە.

وێنە: وینترۆپ ڕۆدجەرز

سەرجەمی ڕووداوەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب و سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە خۆپیشاندانەکانی کارمەندانی تەندروستیدا ڕوویدا، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی ڕووماڵی ئەو خۆپیشاندانانەیان پەکخست و بەلایەنی کەمەوە پەیامنێرانی شەش دەزگای میدیاییان بە ئامانج گرت.

ئەو کەسانەی سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن، خاوەن کارەکان، پاسەوانانی، ماتەمگێڕان و تاکەکان لە لیستی مەدەنیدان بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان بە هاندەرانی وەرزشیشەوە کە ساڵی ڕابردوو لە سێ بۆنەی جیادا هێرشیان کردەسەر پەیامنێران، دوو جار لە یارییەکانی تۆپی پێ و جارێک لە یاری تۆپی دەست دا.

چەندین ڕووداویش ئەنجامدراون کە لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە نەبوون، لە یەک ڕووداودا لە پارێزگای نەینەوا سەنتەری میترۆ وتی ” ژمارەیەک چەکداری نەناسراو” هێرشیان کردۆتەسەر تیمێکی ڕووداو لەکاتێکدا لەکەمپی ئاوارەکانی جەدە لە باشوری موسڵ ڕووماڵیان دەکرد.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو ڕووداودا بەرپرسیار بوو، ڕۆژی 13ی ئازار بینای نوسینگەی کوردستان ٢٤ زیانی بەرکەوت، کاتێک مووشەکێکی ئێران بەر ماڵی بازرگانێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت کە نزیکی ئۆفیسەکەیانەو خۆشبەختانە کەس بریندار نەبوو.

چرایەک لەسەر زەوی ستۆدیۆی تەلەفزیۆنی کوردستان 24 کەوتووە، دوای ئەوەی لە 13ی ئازاری 2022 لە هێرشێکی مووشەکی ئێران لە نزیک شاری هەولێر زیانی بەر بیناکە کەوت :وێنە SHERKO ABDULLAH/ METROGRAPHY

ڕووداوی جدیتر، پەیامنێری کوردستان ٢٤ سۆران کامەران ڕۆژی 28ی ئەیلول برینداربوو لەکاتی ڕووماڵکردنی مووشەکبارانکردنەکەی سوپای پاسدارانی ئێران کە کرایە سەر کەمپی پارتی ئازادیی کوردستان لەنزیک ئاڵتون کۆپری(پردێ) لە پارێزگای کەرکوک، سۆران کاتێک بریندار بوو کە دووەم مووشەک لە شوێنەکەی دا.

لەکۆتاییدا دوازدە ڕووداو هەیە کە ئەنجامدەرەکەیان بە نەناسراویی ماونەتەوە، یان لەبەرئەوەی زانیاریی تەواو لە ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆدا نییە یان بەو شێوەیەیە کە ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی ڕووداوەکەی دەستنیشان کردووە بۆ نمونە، میترۆ راپۆرتیداوە کە لە 27ی ئابدا لە ئیدارەی زاخۆی پارێزگای دهۆک “ژمارەیەک کەسی نەناسراو هەڕەشەی بڕینی زمانی ڕۆژنامەنووس نزار تەلعەت ئەحمەدیان کردووە.

چ دەزگایەک کراونەتە ئامانج؟

ئێن ئاڕ تی تا ئێستا زۆرترین جار کراوە بە ئامانج لە هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو کە 39 ڕووداو یان 28٪ی ڕووداوەکان بووە بەرامبەر ستافەکەی کراون. (نووسەری ئەم بابەتە لە نێوان ساڵانی 2018 و 2021 کاری بۆ ئێن ئاڕ تی کردووە). دووەم ئامانجدارترین دەزگا سپێدە بووە بە 16 ڕووداو و دواتر ڕووداو و وێستگەو کەی ئێن ئێن کە هەریەکەیان نۆ ڕووداویان هەبوو.

هەشت ڕووداو زیاتر لە سێ دەزگای تێدابوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی میدیاکان لەو بۆنانەدا. بەگشتی لە ڕاپۆرتەکەدا لەلایەن سەنتەری میترۆوە باسی 35 دەزگای جیاواز کراوە، کە هەشت دەزگایان سێ جار یان زیاتر کراوەتە ئامانج.

دوو ڕۆژنامەنووسی ئێن ئاڕ تی هێرش قادری هەولێر و تایف گۆران لە دهۆک هەردوکیان خاوەن زۆرترین ڕوبەڕوبوونەوەی تاکن کە هەریەکەیان ٦ ڕووداویان توش بووە، قادر لەچاوپێکەوتنێکدا بە نسار ڕیکۆردی ڕاگەیاند کە خۆی و هاوپیشەکانی کراونەتە ئامانج، چونکە ڕاپۆرتەکەیان ڕەخنەی لەدەسەڵاتداران گرت بەوەی کاریگەری خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.

ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی، ساڵی ڕابردوو شتێک بوو کە کاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبوو و هەرگیز لەبیری ناکەم لە 6ی ئابدا لە بەردەم نوسینگەی ئێن ئاڕ تی بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیرکراین، پەڕۆیەکیان کرد بە سەرماو ئەوان منیان کەلەپچە کرد تا منیان برد بۆ بنکەی ئاسایش، ئەوان بە زارەکی بە درێژایی ڕێگاکە ئازاریان داین. ئەوان ئێمەیان لە ژوورێکی بچووک لەگەڵ دەیان کەسی دیکە دانا.

نزیکەی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان لە لایەن پارتێکی سیاسی یان سیاسییەکانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن کە ئەمەش هۆکارێکی  دیارە بۆ ڕووماڵی حزبیانەی هەواڵ و ڕووداوەکان و نەبوونی دەزگای سەربەخۆی ڕاستەقینە.

گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە پەیامنێرە تاکەکان لەوانەیە هاوبەشیی ئەو کارە سیاسییانە نەکەن کە بۆ دەزگاکەی دەکەن، بەڵام ئەو پەیوەندییە هەستپێکراوە دەتوانێت بیانکاتە ئامانجێک بۆ پێشێلکارییەکان.

تێوەگلانی ئێن ئاڕ تی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ -شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە لە ساڵی 2011دا ئێن ئاڕ تی دامەزراند، پێش ئەوەی لە ساڵی 2018دا پارتەکە دابمەزرێنێت. ئەوە ئاشکرایە کە ستافی ئەو دەزگایانەی پەیوەندییان بە پارتی ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە زۆربەی کات کراونەتە ئامانج کە لە سەدا ٢٧ە، پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە کەناڵە پەیوەندیدارەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەدا ٢٤ و ئەوانەی بەرامبەر میدیاکانی یەکێتی کراون لەسەدا ١٥یە، بەکۆی گشتیش ئەوانە لەسەدا ٢٤.٤ی ڕووداوەکان پێکدەهێنن، بەو مانایەی کە زۆربەی زۆری پێشێلکارییەکان بەرامبەر دەزگا سەربەخۆکان یان ئەو دەزگایانەیە کە سەربە کەسایەتییە سیاسییەکانن.

هەروەها دەکرێت ڕۆژنامەنووسان لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزبەکاندا تێوەبگلێن، وەک ئەوەی بەسەر دەزگاکانی وەک گاڤ نیوز و ڕووداو هات کە هەردووکیان سەر بە باڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن کە لە کێبڕکێدایە لەگەڵ ئەو ئەو ئاڕاستەیەی سەربە ئامۆزاکەیەتی کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو دەزگاکانی تایبەت بە خۆی هەیە بە کوردستان ٢٤یشەوە.

گاڤ نیوز، کە ئاژانسێکە لە دهۆک و بە بادینی بابەت بڵاودەکاتەوە، ساڵی ڕابردوو بەلایەنی کەمەوە پێنج جار کرایە ئامانج لە یەک کاتدا، ستافی گاڤ نیوز لە 1ی ئازاردا لە هۆڵی بیرەوەرییەکانی لقی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناچاربوون مەراسیمێک بەجێبهێڵن، مانگی دواتر لە 6ی نیسان هێزێکی ئەمنیی سەر بە پارتی دەستی بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی پەیامنێری گەڤ نیوز میڤان مەجیددا گرت کە کاری لەسەر چیرۆکێک دەکرد لە نزیک ناوچەی سەحیلەی باشوری زاخۆ.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی میترۆ ئەو دەزگایانەی کە بە سەربەخۆ ناسراون تەنها نۆ جار کراونەتە ئامانج، ئەمە لەوانەیە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئەمە دەسەڵاتداریی دەزگای حیزبەکان پیشان دەدات لە بواری میدیادا. دەزگا سەربەخۆکان بە گشتی کارمەندی کەمتریان هەیە، واتە دەرفەتی کەمتر هەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران هێرش بکەنە سەریان، بەڵام ئەمەش زیاتر تووشی تۆقاندن و گێچەڵکردنیان بکاتەوە.

بۆ نمونە، ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ ئەوەدەخاتە ڕوو کە ماڵپەڕی پەرەگراف لە سێ ڕووداودا پێشێلکاریی بەرامبەر کراوەو دوان لەوانە چەندین دەزگای تری میدیاییش هەبوون. بەڵام جیاواز لەوانە فەرمان سادق پەیامنێری پەرەگراف لەکاتی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانێک لە دژی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە هێرشی کرایە سەر.

هەروەها میترۆ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی پشتگوێ خستووەو باسی نەکردووە کە هەردی عوسمان پەیامنێری پەرەگراف لە سلێمانی لە ٦ی ئاب لە کاتی خۆپیشاندانەکانی نەوەی نوێ دەستگیرکرا، ڕوون نەبوو کە بۆچی دەستبەسەرکردنی هەردی پشتگوێ خراوە لە ڕاپۆرتەکەدا، بەڵام ئەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پیشان بدرێت کە ڕاپۆرتەکەی میترۆ وێنەیەکی خێرا و بەسوودە لە پێشێلکارییەکان، نەک کەتەلۆگێکی گشتگیر.

لە بەرامبەر ئەوەدا کە بە گشتی ژینگەیەکی مەترسیدار و سنووردار هەیە بۆ ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەنووسان بەردەوامن لەکارە گرنگەکانی گواستنەوەی هەواڵ بۆ ڕای گشتی.

“ڕۆژنامەنووسیی لە خوێنی مندایە و سۆزی منە و پێویستی خۆم و خێزانەکەشمی پێدابین دەکەم” هێرش قادری ئێن ئاڕ تی وتیشی: “ناتوانن بە تۆقاندن وابکەن دەست لە کارکردن هەڵبگرین. پێویستە ڕۆژنامەنووسمان هەبێت کە بە هەرشێوەیەک بێت بەردەوام بن، من نامەوێت ترس بموەستێنێت لە کارکردن”.

ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن پەرەگرافەوە وەرگێڕدراوەتەسەر زمانى كوردى