سەرلەبەیانی ٢١ی تشرینی دووەم، خەڵکی شارۆچکەی جوانڕۆ لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان-رۆژئاوای ئێران، بەخەبەرهاتن بۆ ماڵئاوایی لە تەرمی مێرمنداڵێک و مامۆستایەکی شارۆچکەکە کە شەوی پێشوو لە کاتی خۆپیشاندان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران. کوژرانی ئەو دوو خۆپیشاندەرە سەرەتای گۆڕانکارییەکی کوشندەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوو لە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە کە لە رۆژی 16ی ئەیلولی ئەم ساڵەوە رژانەسەر شەقامەکانی ئێران لە پاش کوژرانی ژینا (مەهسا)ئەمینی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە.

تا کۆتایی رۆژەکە شەش کەسی دیکە بە تەقەی ئەندامانی سوپای پاسداران کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون. ئەو کۆمەڵکوژییەی لە جوانڕۆ روویدا خەمساردیی هێزە ئەمنییەکانی پیشاندا لە کوشتنی هاوڵاتییان بۆ بڵاوەپێکردن و دوورخستنەوەی خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان.

لە ماوەی سێ مانگدا ٥٠٦ کەس لە سەرانسەری ئێران کوژراون کە ٦٩ کەسیان منداڵ بوون، بە پێی ئاماری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (HRANA). بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەتا ئەمڕۆ ١٢٠ خۆپیشاندەر و تەماشاکەری کورد کوژراون کە ژمارەیەکیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

هێزە ئەمنییەکان هەندێک جار هەوڵدەدەن بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوە بە خەڵک بکەن کە کۆبوونەتەوە بۆ ناشتنی قوربانییان. هەندێکجار کەسوکاری کوژراوان لەکاتی ماڵئاوایی لە تەرمەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکوژرێن.

ناوچە کوردییەکان پێشتریش لە ژێر تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکان بوون. نزیکەی هەموو ناوچەکە شەو لە دوای شەو ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندانی ناڕەزایی.

خۆپیشاندانەکان گۆڕانکاری ئێجگار گەورەی بەسەر شار و شارۆچکەکانی ناوچە کوردییەکاندا هێنا، کە بە رۆژهەڵات ناسراوە. لە گەڕەکی باری شیلانان لە شاری مەهاباد، گەنجان نەک تەنها بە شەو، بەڵکو بە رۆژی رووناکیش دەچوونە سەر شەقامەکان. ئەو وێنانەی بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوونەوە ئەوەیان نیشان دەدا کە حکومەتی ئێران کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردستانییەکان لەدەست دەدات.

ئەم ناوچانە مانای رەمزیی ئێجگار زۆری هەیە. زۆرێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران بە بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە دەستیان بە کارەکانیان کردووە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و ئەو سوپایە لەبیری نەکردووە کە کورد چۆن دەستی بەسەر شەقامەکاندا گرت لە قۆناغێکدا کە هەڕەشە لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامیی تازەپێگەیشتوو هەبوو. پێشمەرگەکانی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان هەندێک لە باشترین فەرماندەکانیان کوشتن. بەرپرسانی ئێران ئەو گرووپانەیان تۆمەتبار کردووە کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەوەی لەپشت ئەو نائارامییەی ئێستاوەن و بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکاز هێرشی سنووربەزێنیان ئەنجامدا لە دژیان. 

لە ناوخۆی ئێراندا، سوپای پاسداران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی دڕندانەی دانیشتوانی کورد، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا قوربانییەکان هیچ پەیوەندییەکیان هەیە بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یاخود خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان.

دوای ئەوەی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لانیکەم 25 خۆپیشاندەر کوژران، شەوی 20ی کانوونی دووەم هاوڵاتییانی شارە کوردییەکان رژانە سەرشەقامەکان  بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. چەندین ڤیدیۆی دڵتەزێن کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە توندوتیژیی هێزەکانی سوپای پاسداران پیشاندەدەن کە بە هەڕەمەکی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان.

لە پیرانشار لانیکەم دوو خۆپیشاندەر لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا. خوشکی یەکێک لە قوربانیەکان بە ناوی تاهیر عەزیزی، باز دەداتەسەر ئۆتۆمبێلێک و  دەستی بەرز کردەوە بۆ خۆپیشاندەران کە هاواریان دەکرد و دەیانگوت، “شەهید نامرێت”.

لە جوانڕۆ، مامۆستا عیرفان کاکەیی و بەهادین وەیسیی تەمەن شازدە ساڵ کوژران و چەندینی دیکەش بریندار بوون. سەرەتا هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە گوایە برای بەهادینیش کوژراوە، بەڵام دواتر پشتڕاستکرایەوە کە لە ژیاندایە و بە سەختی بریندار بووە. 

رۆژی دوای ئەوە لە جوانڕۆ، هەزاران خەڵک بە هاوارەوە و بە وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، بەڕێکەوتن تا گۆڕستان بۆ ماڵئاوایی لە رۆحی قوربانییان. گەنجان پۆستەرەکانی حکومەتی ئێرانیان لەسەر شەقامەکان دڕاند. 

زۆرینەی دانیشتوانی شارۆچکەکە سەر بە هۆزی (جاف)ن، کە یەکێکە لە گەورەترین هۆزەکانی کورد و ناوچەی نیشتەجێبونیان لە هەردوو سەر سنووری ئێران-عێراق بوونی هەیە. دانیشتووانی جوانڕۆ بە بوێری و گورجوگۆڵی و میواندۆستی ناسراون. لە سەد ساڵی پێشوودا لە زۆربەی شۆڕشە نەتەوەییەکانی پرسی کورددا لە ئێران و عێراق رۆڵیان هەبووە. ئێستاش دووبارە لە بەرەکانی پێشەوەن بۆ داواکردنی مافەکانیان.

هەرچەندە بە درێژایی ئەو دوومانگەی پێشتر هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگەی تووندیان گرتبووەبەر لە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران بەتایبەتی خۆپیشاندەرە کوردەکان و بەلووچییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئێران، ئەو تووڕەیی و بەرەنگاربوونەوەیەی لە جوانڕۆ رووبەرووی بوونەوە زۆر جیاواز بوو، بە جۆرێک کە هێزە ئەمنییەکان هیچ دوودڵییان نەبوو لە بەکارهێنانی چەکی ئۆتۆماتیک و پێشکەوتوو بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران.

ڤیدیۆکانی کاتی رووداوەکان برینداربوونی خۆپیشاندەران و کەوتنیان بە گولـلەی هێزەکان پیشان دەدات. چەندین وێنەو ڤیدیۆی دیکە دەنگی فیشەک و هاوار لە شارەکە و وێنەی چەندین قوربانی دەگوازێتەوە کە لەسەر شەقامەکان کەوتون. 

لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا زیاد لە شەش خۆپیشاندەر کوژران و بە دەیانی دیکە بریندار بوون. هەروەها بە سەدان هاوڵاتی دەستبەسەرکران.

چالاکوانان داوایان لە هاوڵاتیان کرد بگەنە نەخۆشخانەکان بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارەکان. یەکێک لە خوێنبەخشەکان هونەرمەندێکی ناسراوی کورد بوو کە بەدەم هەنسک و گریانەوە خوێنی بەخشی بە برینداران. 

تووندڕەوی دڕندەییەکانی هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەران و چالاکوانانی تووشی شۆک کرد. رێبین رەحمانی سەر بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان شەپۆلێکی دیکەی جیاوازیان دەستپێکردووە کە تیایدا تووندوتیژییەکانی دژ بە خۆپیشاندەران روون و ئاشکرابن بە جۆرێک هاوڵاتیان بترسێنێت لە بەشداریکردن لە گردبوونەوەکانی داهاتوو. 

بەڵام ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کۆمەڵکوژییەوە بوون کێن؟ کێ فەرمانی کوشتنی خۆپیشاندەرانی بەو شێوەیە دەرکرد؟ کێن ئەو فەرماندانەی ریزەکانی سوپای پاسداران کە دەستیان هەبوو لە خوێنڕشتنی هاوڵاتیانی کورد؟

سوپای پاسداران و میلیشیا خۆبەخشەکانی بەسیج، جەلادی سەرەکی سیاسەتەکانی حکومەتی ئێرانن لە جوانڕۆ.

محەمەد پورهاشمی، جێگری پارێزگارە بۆ کاروباری ئەمنی و سیاسی و بەرپرسی یەکەمە بۆ باری ئەمنی پارێزگای پیرانشار. لە چەند هەفتەی پێشوودا، پورهاشمی لە لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵە ئێرانییەکان خۆپیشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستی مەترسیداری داعش ناوبرد. هەر پورهاشمیشە راسپێردراوە بۆ دارشتنی سیاسەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گردبوونەوەکان و فەرمانی جێبەجێکردنی دەدات. هەروەها بەرپرسی هەماهەنگی نێوان هەواڵگری وڵاتەکەو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە لە ناوچەکە.

وەک پارێزەرانی شۆڕش، ئەرکی سوپای پاسدارانە کە ئەو سیاسەتەی جێگری پارێزگار دایڕشتووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشە باڵاکانی ئەمنی و هەواڵگری جێبەجێی بکات. دوای ئەوەی عەزیز جەعفەری لە ساڵی 2007 بەرپرسیارێتی سوپای پاسدارانی گرتە ئەستۆ، ١٠ فەرماندەی ناوچەیی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی دامەزراند، کە لە کاتی قەیرانەکاندا بەرپرسیارێتی ئاسایش لە سەرانسەری ئێراندا دەگرنە ئەستۆ. هەر فەرماندەیەکی ناوچەیی بەرپرسیارێتی چەند پارێزگایەکی پێدەسپێردرێت. 

نەجەف ئەشرەف، فەرماندەی ناوچەیی رۆژئاوایەو بەپرسە لە پارێزگاکانی کرماشان، هەمەدان و ئیلام و لە ئێستادا ئەو یەکەیە لەلایەن محەمەد نەزار عەزیمییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. 

فەرماندەی ناوچەیی لە ئێستادا بەرپرسە لە بارەگای نەبی ئەکرەمی سوپای پاسداران، کە لە ڕێگەی لقەکانی پاسەوانانەوە لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە سەرپەرشتی ئاسایشی کرماشان دەکات.

نەبی ئەکرەم کە یەکێکە لە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، لە ئێستادا لەلایەن بەهمەن رەیحانی سەرپەرشتی دەکرێت کە پێشتر بەرپرسی شارۆچکەی بەسیج بووە لە هەمان پارێزگا. رەیحانی خۆپیشاندەرانی تشرینی دووەمی ساڵی 2019ی بە ئاژاوەگێڕ ناوبردو پێیوابوو لەلایەن هێزە بیانییە نەیارەکان پشتیوانی دەکرێن بۆ رووخاندنی رژێمی ئیسلامی ئێران. رەیحانی لەو کاتەدا وتیشی، “هێزەکانی بەسیج بە وریایی لە ماوەی 48 کاتژمێردا پشێوییەکان کۆتایی پێدەهێنن”. خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی 2019 بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە دەستیپێکرد. 

یەکێک لەو یەکانەی کە بەرپرسی شارۆچکەکانی پاوە و ڕەوانسەر و جوانڕۆیە، بارەگای شەهید کازمییە کە کۆرۆش ئاسیابانی سەرۆکایەتی دەکات. بەشداری لە هێرشەکەی ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر هەڵەبجە لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقدا کردووە و لەگەڵ عەلی خامنەیی سەرۆککۆماری ئێران وێنەی هەیە. ئاسیابانی لە هەمانکاتدا جێگری فەرماندەی سوپای ئەشرەفی نەجەفە و لە شەڕی 1980-1988 چەندین جار بریندار بووە.

عەقید بەهرام میرزایی وەک بەرپرسی سوپای پاسداران لە شارۆچکەی جوانڕۆ، ڕاپۆرت دەداتە ئاسیابانی. بەم شێوەیەش، میرزایی ئەو فەرماندەیەیە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەی ٢١ی تشرینی دووەم.

میرزایی لە ٤ی ئۆکتۆبەر وتی: “خەڵکی جوانڕۆ بە تێگەیشتنیان لەم نائارامییانەدا پیلانەکانی دوژمنیان تێکدا”.

یەک مانگ لە دوای ڕووداوەکانی جوانڕۆ، هێشتا قەبارەی توندوتیژییەکان ڕوون نییە .تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت پاسەوانانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن، سەرەڕای چەندین بانگەشەی حکومەت کە هێزە ئەمنییەکان گولـلەی پلاستیکی و تۆپی بۆیاخڕێژ بەکاردەهێنن. تەقەکردنە بێباکەکانی هێزەکان ئەوە دەردەخەن کە سوپای پاسداران ئامادەیە هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی شۆڕشەکەی بیکات.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن پاراگرافەوە وەرگێڕدراوەته زمانى كوردى