لە کەمپێکی ئاوارەکان لە باکوری هەرێمی کوردستان و لە درەنگانی ئێوارەیەکی هاوینی 2021 ، شادیە* کە کچێکی لاوی ئێزدییە لەناو خێوەتەکەی خۆیدا دانیشتووە، لە پڕ لە مۆبایلەکەیەوە دەنگی زەنگی نامەیەکی دڵتەزێن هات. کەسێکی نەناسراو وێنەی دوو ئافرەتی بۆ ناردبوو، شادیە ڕووخساری خۆی لە وێنەکەدا بینییەوە کە لە تەنیشت ئافرەتێکی ترەوە دانیشتووە و ئافرەتەکە سەرپۆشێکی سەوزی لەسەرکردووەو بازنەیەک بەدەوریدا هێنراوە وەک بڵێی کەسێک بەدوایدا دەگەڕێت. پاش کەمێکی تر، کەسێکی دیکە هەمان وێنەی بۆ نارد و پێیوت پیاوێک بەدوای ئەم دوو ژنەوەیە.

شادیە بەرگەی ناڕەحەتییەکانی پێنج ساڵ کۆیلایەتی و ژێردەستیی چەکدارانی  داعشی گرتووە، بەم دواییانە ڕزگارکراوە و پێیوابوو خەریکە ژیانی ڕێڕەوی ئاسایی خۆی دەگرێتەوە. هیچ کەسێک بە خەیاڵیدا نەدەهات کەسێک هەبێت دڵی لێبدات بۆ ئەو ژیانە پڕمەینەتییەی ئەو لە خێوەتێکدا لە نزیک شاری زاخۆ مەگەر داعشەڕفێنەرەکانی پێشوو. ترس شادیەی دانەگرت، چونکە خێزانەکەی لە دەوروپشتی بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نامەکە نیگەران و دوودڵی کرد و توڕەیی لێ دەباری.

بێئاگا لەوەی کە گیرۆدەی دەردەسەرییەک کراوە لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە کە یەکێكە لە زەبەلاحترین و دیارترین دەزگا میدیایەکانی جیهان، ڕۆژنامەکە کێشمەکێشی ساکاری نێوان دوو کوردی لە سوید کردووە بە شانۆیەکی نێودەوڵەتی.

یەکێک لەو دوو کوردەی کە ناوجەرگەی بابەتەکەی نیۆرک تایمز پێکدەهێنێت، فیلمسازێکی بواری فیلمی بەڵگەنامەییە بەناوی هۆگر هرووری، ئەو لە گوندێکی خنجیلانە لەنێو چیاکانی کوردستان لەدایکبووە، بەرگەی چەندین هێرش و جینۆسایدی گرتووەو وەکو پەنابەرێک بە کۆچێکی سەرکەشانەدا تیپەڕیوە، هەروەها بەرگەی چەرمەسەرییەکانی هەڵکردن لەگەڵ ژیانێکی نوێی گرتووە لە سوید. هرووری شەو و ڕۆژی خستووەتە سەریەک لە چێشتخانەکاندا کاری کردووە، شانبەشانی ئەوەش بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ فێربوونی زمانی ئەو وڵاتەی باوەشی بۆ کردووەتەوە. پارەی قەرزکرد و هەرچۆنێک بێت توانیی ساڵێک لە خوێندنی فیلمسازی تەواو بکات. هرووری وەک فیلمسازێک زیاتر لە هونەرەکەی خۆیدا قاڵ بووەو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا، بە ورەبەرزییەوە خەونی بە بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بینی. بەڵام لە ئێوارەیەکی تەمومژاوی مانگی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا، خەونەکانی هەڵوەرین.

ئەو ئێوارەیە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلمسازی هاوپیشەی کە نزیکەی ٣٠ کەس دەبوون لە ڕێگەی بەرنامەی زوومەوە پێکەوە قسەیان دەکرد. هاوپیشەکانی باسیان لە لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەکرد لەسەر نوێترین فیلمی هرووری، ڕۆژنامەکە هرووری تۆمەتبار کردبوو بەوەی بەشێوەیەکی نائەخلاقی کاری کردووە. هرووری خەیاڵی چوو بۆ لای قسەی یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، کاتێک لە وەسفی بەهێزیی و کاریگەریی ڕۆژنامەکەدا وتی: “خودا قسەی تێدا کردووە”. دڵی هرووری نوقمی غەم‌و پەژارە بوو، چونکە بەتیڕوانینی خۆی ئەو بابەتەی نیویۆرک تایمز کۆتایی بە ژیانی ئەو هێناوە وەکو فیلمسازێک.

فیلمەکەی هرووری ناوی سەبایا بوو، فیلمێکی بەڵگەنامەییە سەبارەت بە  پڕۆسەی ڕزگارکردنی ژنە ئێزدییە دیلەکان لە ژێردەستی داعش لە کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دوای شکانی داعش لە کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠١٩و لەدەستدانی ئەو ناوچانەی کە پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوون. فیلمەکە لەلایەن چەندین دەزگاوە کە لە نێویاندا نیویۆرک تایمز هەبوو ژمارەیەک هەڵسەنگاندنی جێی دڵخۆشیی بۆ کرابوو و لە سەرتاسەری جیهانیش چەندین خەڵاتی لە فیستیڤاڵەکان بەدەستهێنابوو. هرووری لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ خەڵاتی بواری دەرهێنانی فیلمی لە فیستیڤاڵی بەناوبانگی فیلمی سەندانس بەدەستهێناو بووە یەکەم فیلمسازی سویدی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لەسەر ئاستی سوید.

دوای شەش مانگ و لە 26ی ئەیلولی 2021، هرووری سەری سوڕما کاتێک وێنەی خۆی لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بینییەوەو لەسەری نووسرابوو: “ئەو ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە کرابوون بە کەنیزەک دەڵێن ڕەزامەندییان لێ وەرنەگیراوە بۆ دەرهێنانی فیلمێک لەسەریان”. بابەتەکە لەلایەن جەین عەرەف، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدای نیویۆرک تایمز و سەنگەر خەلیل هاوکار و ڕێپیشاندەرییەوە نووسراوبوو. ڕۆژنامەکە لە مانگی تەمموزی ساڵی دواتردا، بابەتێکی دیکەی بڵاوکردەوە بەناونیشانی “پەردەلادان لەسەر فیلمێکی دیکۆمێنتاریی خاوەن خەڵات” کە ڕاستەوخۆ هرووری بە ئامانج گرتبوو.

تابلۆی هونەرمەندێک سەبارەت بەو وێنەیەی کە لەلایەن سەنگەر خەلیلی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزەوە بۆ شادیە نێردراوە. کاری هونەری: ئالان سەلام

جەین عەرەف بە ڕەگەز کەنەدییە و لە ساڵی 1998وە لە عێراق پەیامنێرە، لەو زەمەنەدا، هرووری تەمەنی 19 ساڵ بووە و زێدی خۆی بەجێهێشتووە، لەڕێگەی تۆڕێکی قاچاخچییەوە کۆچی کردووە بۆ سوید بە ئامانجی دۆزینەوە و بونیادنانی ژیانێکی باشتر.

کاریگەریی وتارەکە دەستبەجێ دەرکەوت. شتێک نەما بەناوی پڕۆسەی کاندیدکردنی فیلمەکە بۆ خەڵاتی ئۆسکار هەروەها ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ فیلمی بەڵگەنامەیی (IDA) یەکسەر ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک ‌تایمزی بەکارهێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی نمایشێکی فیلمەکە لەبری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە، بەپەلەپڕوسکێ ژمارەیەک پسپۆڕی کۆکردەوە و لیژنەیەکی دروستکرد بۆ تاوتوێکردنی بنەما ئەخلاقییەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی.

ژمارەیەک چالاکوان چوونە بنکڵێشەی ڕۆژنامەیەکی سویدییەوە و لەئەنجامدا چەند مانگێک دواتر ڕۆژنامەکە لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی بەدواداچوونی دوو بەشییەوە بابەتەکەی وروژاندەوە و هرووری تۆمەتبار کرد بە ساختەکردنی دیمەنێک و بە پاڵەوانکردنی پیاوانی فریادڕەس. بەوتەی ڕۆژنامەکە “ئەو پیاوانە منداڵیان بە داعش فرۆشتووە و یەکێکیشیان لەڕووی سێکسییەوە ژنە ڕزگاربووەکانی ئیستیغلال کردووە”.

ڕەخنە و فشارەکان تا دەهات زیاتر دەبوون و هرووری “وەکو چەکدارانی داعش” وێنا دەکرا، هەندێکجاریش بە “داردەستێکی ساویلکەی” پیاوسالاریی ئێزدی ناوزەد دەکرا. 

دیپلۆماتێکی ئەمریکی کە پەیوەندی  لە مێژینەی لەگەڵ گەلی کورددا هەیە، وتی فیلمەکە لەسەر بنەمای چەواشەکاری داڕێژراوە و هێرشیشی کردەسەر ئەو کەسانەی کە هەڵسەنگاندنی باشیان بۆ کردبوو و بە “کەسانی خۆشباوەڕ و بێئاگا لە بابەتەکە ” وەسفی کردن

فیلمسازانی بواری فیلمی بەڵگەنامەیی و بەرهەمهێنەران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و کتێبنووس و نووسەران و خوێندکاران بەوپەڕی خۆشییەوە لە کەمپەینێکی تەواو پیلان بۆ داڕیژراودا لە دژی هرووری واژۆیان کۆکردەوە و داوایان لە پەیمانگای سەندانس کرد کە خەڵاتەکە لە هرووری وەربگرێتەوە، لەکاتێکدا زۆربەیان فیلمەکەیان هەر نەبینیبوو.

لەگەڵ کەڵەکەبوونی تۆمەتەکان لە دژی، چیدی هرووری خەوی لێنەدەکەوت و خۆی گۆشەگیر کرد، هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ ژن و دوو منداڵە بچووکەکەیدا بەرەو لاوازی و داڕووخان دەچوون.

هرووری خۆی دەگەیاندە هەرکەسێک کە گوێی لێی بگرێت، پێیدەگوتن کە ڕەزامەندیی خودی ئافرەتانی ڕزگاربوو بۆ فیلمەکە وەرگیراوە و بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە. ناوبراو لە ڕۆژنامەنووسانی سوید و ئەمریکا پاڕایەوە کە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە بکەن و لەگەڵ ڕزگاربووەکان قسە بکەن بۆ خستنەڕووی ڕاستیی بابەتەکە)، بەڵام ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن جڵەوی خۆیان دایە دەستی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و بابەتەکەیان بێکەم و زیاد دیسان وەک خۆی بڵاوکردەوە و هیچ دەزگایەک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی خۆی نەکرد.

هرووری پەرتەوازە و داڕووخاو بوو، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا لەمن نزیکبووەوە. لەدوای چەندین چاوپێکەوتنی قووڵ و قسەکردن لەگەڵ سێ سەرچاوەی جێمتمانەدا کە ئاشنابوون بە فیلمەکە و مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕزگاربوواندا هەبوو، خۆم یەکلایی کردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە. لە کافێیەکی هەولێر چاوم کەوت بە یەکێک لە سەرچاوەی زانیارییەکان، ئەو پێی وتم: “من هەر بەو هیوایەوە بووم کە کەسێک بێتە پێشەوە و سەبارەت بە هرووری پرسیارم لێ بکات”.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بە باکووری هەرێمی کوردستاندا گەشتم کردووە و دواتر چوومەتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە کەمپ و گوندەکانی زێدی خۆیان، چاوم بەو ئافرەت و فریادڕەسانە کەوتووە کە ڕۆڵیان بینیوە لە فیلمی سەبایادا. هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ ئەم بابەتە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بە ڕزگاربووانیشەوە پێیان ڕاگەیاندم کە هرووری بە شێوەیەکی ئەخلاقی و بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا کردوون و هیچ یەکێکیشیان پەشیمان نین لە بەشداریکردن لە فیلمەکەدا.

 ئەمە بابەتێکە سەبارەت بە ئیتیکی ڕۆژنامەگەریی مۆدێرن و لێکەوتە وێرانکارییەکانی پێدانی هێز و دەسەڵاتی ڕەها بە پەیامنێر و پشگوێخستنی ئەنجامدانی پشکنینی ورد و دروست بۆ کارەکانی. ئەو کاتەی جەین عەرەف لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی نیویۆرک تایمز لە بەغداد دەست بەکاربوو، ڕۆژنامەکە لە قەیراندا بوو بەهۆی نادروستیی زانیارییەکانی زنجیرە بەرنامەیەکی تۆمارکراوی دەنگیی بەناونیشانی “Caliphate” کە ڕوکمینی کالیماچی بەرهەمی هێنابوو، بەرنامەکە کارەساتی خولقاند و ڕۆژنامەکەی هێنایە لەرزین. تەواوی سەرنووسەرانی ڕۆژنامەکە و مایکل سلاکمان کە پێداچوونەوەی بۆ بابەتەکەی عەرەف کردووە، پەیمانیاندا ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ شکستی دامەزراوەکە و پابەندبن بە پێوەرەکانی ڕاستی و دروستیی. بەڵام ئایا پەیمانەکەیان بردە سەر؟

بەندیخانەی ئەبوغرێب

چیرۆکی ژیانی هرووری لە ساڵی 1980دا لە گوندی هروور دەستی پێکردووە، کە گوندێکی بەناوبانگە بە هەنار و هەنجیرەکانی لەنێو چیا پڕبەپیتەکانی کوردستاندا. کاتێک لەدایک بوو، مەکیی کە باوکی ئەزیزی بوو لە زیندانەکانی بەغداد سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو بە‌هۆی په‌یوه‌ندیی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ئازادیخوازی کورددا. باوک و کوڕ بۆ یەکەمجار لە قەفەزی زینداندا بەدیداری یەک شادبوون لە بەندیخانەی بەدناوی ئەبوغرێب، لەوکاتەدا هرووری تەمەنی تەنها سێ مانگ بوو. دایکی بە ناوی عەزیزە سەردانی هاوسەرەکەی دەکردو لە ترسدا هەڵدەلەرزی، چونکە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی خوێناویی نێوان ئێران و عێراق بوو، هەروەها بۆمبارانی ناوچەکە دەستی پێکردبوو.

پێنج ساڵ پێشتر و لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی کورد لە دژی بەغدا، هەزاران خێزانی کوردی عێراق بەرەو ئێران و لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا هەڵهاتن. خێزانی کچێکی لاو بە ناوی نەمام غەفووری یەکێك بوون لەو سەدان کۆچبەرانەی کە لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەیشتبوونە سوید، نەمام کارەکتەرە سەرەکییەکەی تری ئەم بابەتەیە.

لەگەڵ نیشتەجێبوونی بنەماڵەی غەفووری لە سوید، سەدام حسێن بێوچان بەردەوام بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ جینۆسایدکردنی کورد. ڕژێمەکەی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی دەربەدەر کرد و سەدان هەزار کوردی ئاوارە کرد، بنەماڵەی هرووری بەشێک بوون لەو ئاوارانە. لە ساڵی 1988 چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی مەدەنی لە کوردستان بەکارهێنا. تەنها لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، لانیکەم ١٨٢ هەزار پیاو و ژن و منداڵ لەناوچوون. سەدام ئیلهامی لە قورئان وەرگرت و ئەو هەڵمە جینۆسایدییەی ناونا “ئەنفال”، کە بەمانای دەستکەوتی جەنگ دێت. داعش دوای 26 ساڵ بەهەمان شێوە پاساوەکانی سەدامی بەکارهێنا بۆ بەکۆیلەکردنی هەزاران ژن و کچی ئێزدی.

لە کۆتایی نەوەدەکاندا، هرووری لە کۆلێژێکی شاری دهۆک مۆسیقای دەخوێند، بەڵام بەهیچ جۆرێک داهاتوویەکی ڕوونی بۆ خۆی بەدی نەدەکرد لە خاکێکدا کە تەنها شەڕ و توندوتیژی تێدا بینیبوو. بڕیاریدا چارەنووسی خۆی بداتە دەست تۆڕێک قاچاخچی بۆ ئەوەی بیگەیەننە ئەوروپا و کەمێک پێش جەژنی کریسمس لە ساڵی ١٩٩٩و لە سەرەتای سەدەیەکی نوێدا گەیشتە سوید.

هۆگر هرووری لە گوندی هرووری زێدی خۆی لە هەرێمی کوردستان ڕاوەستاوە بۆ وێنەگرتن. وێنە: فازڵ هەورامی، حوزەیرانی ٢٠٢٢

هرووری نە زمانی سویدی دەزانی نە ئینگلیزی. بە خۆڕاگری و ماندوونەناسانە لە چێشتخانەیەکدا کاری دەکرد و قاپی دەشۆرد، بەوجۆرە توانی پارە کۆبکاتەوە و لەساڵی ٢٠٠٦دا، ساڵێک لە کۆلێژی سینەمایی مێدیسکۆلان لە ستۆکهۆڵم خوێندی و خودی خۆیشی کرێی خوێندنەکەیدا. بەپێی پێوەرەکانی کوردستان، بنەماڵەی هرووری، بە دەوڵەمەند هەژمار دەکران، بەڵام ئەو بەڵێنی بە خۆی دابوو کە تەنهاوتەنها پشت بە خۆی ببەستێت.

بەهرەی هرووری لە چیرۆکگێڕانەوەدا، لەدوایین پڕۆژەدا کە پێشکەشی کۆلێژە فیلمسازییەکەی خۆی کردبوو، بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە. پڕۆژەکە فیلمێکی بەڵگەنامەیی بوو دەربارەی گەنجێکی کورد کە یاریزانی بەرزکردنەوەی قورساییەو خەڵكی پارێزگای دهۆک، زێدی خۆیەتی. فیلەمەکە یانزە جار لە کەناڵی فەرمی نیشتمانیی سوید پەخشکراوە.

پاش تەواوکردنی خوێندنی کۆلێژ، هرووری کاری لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەی فیلمی سینەمایی کردووە، هەروەها کاری بۆ چەندین کۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنیی کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەگەڵ لۆرین ئیبراهیم بەرزنجی هاوسەرگیری کردووە، کە رۆژنامەنووس و گۆرانیبێژێکی خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە، کە لەناو کورددا بە رۆژئاوا ناسراوە. لەسەروبەندی هێرشی داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤ بۆسەر شنگال کە زێدی باوباپیرانی ئێزدییەکانە، لۆرین دووگیان بوو بە یەکەم منداڵیان  و تەمەنی منداڵەکە لەو کاتەدا حەوت مانگ بوو.

هرووری هاوسەرە دووگیانەکەی بەجێهێشت و بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوت، لەوێ خۆی گەیاندە بەرەکانی جەنگ کە مەکی باوکی شانبەشانی هەزاران پێشمەرگەی دیکە سەرنگەریان گرتبوو دژی داعش. لە ماوەی پێنج ساڵدا، سەرکەوتووانە دوو فیلمی بەڵگەنامەیی بەرهەم هێنا و پێگەی خۆی وەک چیرۆکنووسێکی کاریگەر و گرنگ جێگیرکرد.

یەکەمین فیلمی باسی کیژۆڵەیەکی تەمەن 11 ساڵ بوو بەناوی سوعاد کە لەو پاشاگەردانییەدا ونبووبوو کە لەدوای هێرشی داعش لە شنگال دروست بوو، کاتێک زیاتر لە دووسەد هەزار ئێزدیی ناوچەکە هەڵهاتن و زیاتر لە شەش هەزار ژن و منداڵیش لەلایەن چەکدارە ڕەشپۆشەکانی داعشەوە دەست بەسەرکران.

هرووری هەر بۆ خۆی تیمێک بووە و زۆرجاریش پێش ئەوەی پاڵپشتی دارایی بەدەستهێنابێت بۆ فیلمەکانی، لەسەر ئەرکی سەرشانی خۆی پارەی دابین کردووە بۆ فیلمەکانی لە قۆناغەکانی سەرەتادا. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە گەیشتنی بە سوید، هرووری بە بەرهەمهێنانی سێیەمین فیلمی، کە دەستکەوتێکی پڕشانازییە بۆی، خۆی بینییەوە لە لوتکەی جیهانیی فیلمسازیی بەڵگەنامەییدا، فیلمەکە باسی مەینەتی و خۆڕاگری گەلێک دەکات کە بەرگەی جینۆسایدی گرتووە.

ڕێگای سەبایا

 لە ٤ی ئایاری ٢٠١٩دا، ئامادەبووان لە کتێبخانەیەکی ستۆکهۆڵم تووشی شۆک بوون کاتێک بە تامەزرۆییەوە گوێیان لە بەسەرهاتە دڵتەزێنەکانی ژنێکی کورد دەگرت کە بەم دواییانە چووبووە سوریا و لەوێ یارمەتی ئەو ژن و منداڵە  لێقەوماوانەی ئێزدیی دابوو کە لەژێر کاولکارییەکانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگاریان بووبوو پێنج ساڵ دوای ئەوەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە خاک و ماڵی تاڵان کردبوون و خۆشیانی کردبوو بە کۆیلە. ڕزگاربووەکان تووشی بەدخۆراکییەکی خراپ بووبوون و مێشکیشیان شۆردرابووەوە، بەشێکیان برینداربووبوون و هەندێکی دیکەشیان سکپڕکرابوون و ژمارەیەکی کەمی دیکەشیان منداڵیان بووبوو لە ئەنجامی ئەوەی دەستدرێژی سێکسییان کرابووەسەر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.

ئەو ژنەی وتاری بۆ ئامادەبووان دەدا، دکتۆر نەمام غەفووریی تەمەن ٥٠ ساڵ بوو، غەفووری کەسێکی قسەلەڕووە و وەک کارمەندی بواری مرۆیی کاردەکات. لە سەرەتای جینۆسایدەکەی مانگی ئابی ٢٠١٤ەوە بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی باکووری عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای کردووە و لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی خێرخوازیی خۆیەوە هاوکاری ئاوارە ئێزدییەکانی کردووە. دەزگا زەبەلاحەکانی بواری هاوکاری مرۆیی و نەتەوە یەکگرتووەکان جێی ڕەخنەی دکتۆر غەفووری بوون، بەڵام ستایشی کەسە دیارەکانی ڕێکخراوێکی ئێزدی کرد بۆ خزمەتکردنی ژنانی ڕزگارکراو کە بە خانەی ئێزدی ناسراوە. 

هرووری و هاوسەرەکەی لە نێو ئامادەبووانی کۆڕەکەدا. هرووری و دكتۆر غەفووری بە دوو شێوەزاری جیاوازی زمانی كوردی قسەیان دەكرد، بەڵام خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێوانیاندا هەبوو. هه‌ردووكیان سەر بە بنه‌ماڵه‌یەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كورد بوون، هەردووکیان ماندوونەناس و خاوەن ئامانج و سەرکەوتوو بوون، هه‌روه‌ها هەردووکیان خولیای کۆمەککردنی ئێزدییه‌كان بوون.

لۆرین داوای لە هاوسەرەکەی کرد کە بەسەرهاتی ژن و منداڵە ئێزدییەکان بگەیەنێت بە جیهان. هرووری ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر داواکارییەکە و پێی وابوو دکتۆر غەفووری دەتوانێت ڕۆڵێک لە فیلمەکەیدا بگێڕێت. 

بەرهەمهێنانی فیلمەکە

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) زیاتر لە 12 هەزار شەڕڤانی ژن و پیاوی لەدەستداوە لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا و لە مانگی ئازاری 2019وە بەرپرسیارێتی زیاتر لە 15 هەزار زیندانیی توندڕەوی داعشیان لە ئەستۆدایە کە خزێنراونەتە چەندین بەندیخانە، هەروەها نزیکەی 100 هەزار ژن و منداڵی سەر بە میلیشیاکانی داعش لە کەمپی بێسەروبەری هۆلدا دەژین. چارەنووسی ئەو چەکدارە بیانییانە و خێزانەکانیان ڕووماڵی چڕوپڕی میدیای نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوەو زۆرێک لە وڵاتان رەتیانکردەوە هاووڵاتیانی خۆیان وەربگرنەوە. بەڵام بەڕاستی هیچ کەسێک هەوڵی نەداوە بۆ رزگارکردنی ئەو ئێزدییانەی کە لە کەمپەکاندا گیریان خواردبوو لەگەڵ چەکدارە داعشەڕفێنەرەکان، ئەمەش وای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد بەدوای ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێت.

هەسەدە هاوپەیمانێکی بۆ خۆی دۆزییەوە لەناو خانەی ئێزدیدا بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ناسینەوەی دیلە ئێزدییەکان و پەیوەندی بە ئەندامانی خێزانی ئەو دیلانەوە بکات کە لە کەمپە جیاجیاکانی ئاوارەکان لە نزیک دهۆک و شنگال ژیانیان دەگوزەراند. خانەی ئێزدی لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا بە پشتیوانیی ئیدارەی کوردیی رۆژئاوا دامەزرا بۆ خزمەتکردنی ئەو ١٥ هەزار ئێزدییەی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەژیان.

لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٩، مەحمود ڕەشۆ، کە پیاوێکی دیاری بنەماڵەیەکی ئێزدیەو لە گوندێکی نزیک لە حەسەکە دەژیا، بەرپرسی هەوڵەکانی خانەی ئێزدی بوو بۆ ئازادکردنی دیلەکان. ڕەشۆ تۆڕێکی کارامەی پەیوەندییەکانی دروست کردبوو، کە لەنێویاندا هاوسەری چەکدارانی داعش هەبوو لە کەمپی هۆل. ماڵی خێزانەکەی خۆی کردبووە پەناگەیەکی ئارام بۆ رزگاربووان کە هەندێکیان بۆ چەند ڕۆژێک تێیدا دەمانەوە و هەندێکی تریشیان بۆ ماوەی چەند مانگێک دەمانەوە.

ماڵی مەحمود ڕەشۆ کە نزیکەی ١٦٠ ڕزگاربووی ئێزدی لە ماوەی سێ ساڵدا پێیدا تێپەڕیوون. وێنە: نێردراوە

ڕەشۆ خەمخۆری خێزان بوو و باوکی چوار منداڵ بوو.  خێزانەکەی خاوەنی زەوی کشتوکاڵی و مەڕوماڵات و گەوڕ بوون. ڕەشۆ باڵای مامناوەند بوو و پێستی ڕەش بوو و ڕێزێکی بێپایانی لە دایکی دەگرت کە ناوی زەهرا کادۆ بوو، زەهرای دایکی کە لەگەڵیان دەژیا و کاروباری نێوخۆی خێزانەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، لەڕادەبەدەر نیگەرانی سەلامەتی ڕۆڵەکەی بوو لەبەرئەوەی هاتوچۆی دەکرد بۆ کەمپەکە، بەڵام ڕەشۆ قەناعەتی پێکرد کە ئەمە هاوارێکە دەبێت بەدەمیەوە بچێت و بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی و دەبێت بچێتە ژێری. تەواوی ئەندامانی خێزانەکە بەدەم هەرکەسێکەوە دەچوون کە تەقەی لە دەرگای ماڵەکەیان بدایە. کوڕ و کچەکانی جلوبەرگەکانی خۆیان دەدا بە منداڵە ڕزگارکراوەکان. 

زەهرا و سیهامی هاوسەری مەحمود ڕەشۆ پێیان وایە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021، نزیکەی ١٦٠ کەس لە رزگاربووان لە ماڵەکەیاندا ماونەتەوە و دواتر ڕۆیشتوون. بە وتەی سیهام، نزیکەی 30 لەو ژن و کچانە منداڵیان خستووەتەوە بەهۆی دەستدرێژی سێکسیی چەکدارانی داعشەوە. 

ڕۆژنامەنوسان دەستیان کرد بە سەردانکردنی ماڵەکە، لەنێویاندا جەین عەرەف، کە ئەوکات کاری بۆ ڕادیۆی گشتی نیشتمانی (NPR) دەکرد، هەروەها سەنگەر خەلیلی ڕێپیشاندەر و هاوکاری عەرەف. زۆرجار پەیامنێران بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم دەمانەوە و چەند وێنەیەکی رزگاربووانیان دەگرت و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ رەشۆدا ئەنجام دەدا، دواتر وێبسایتە دیارەکانی ئینتەرنێتیان پڕ دەکرد لە ڕووخساری ئەو ژن و منداڵانە.

هەروەها دکتۆر غەفووری بەردەوام پێشوازی گەرمی لێدەکرا، هەندێک جار بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەسەر یەک دەمایەوە لە ماڵەکە. هرووری لەگەڵ دکتۆر غەفوری لە دەوروبەری ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا گەیشتە ئەو ماڵە و ئەویش لەگەڵ خێزانی ڕەشۆدا مایەوە.

چەند ڕۆژێک پێش گەیشتنی هرووری، ڕەشۆ و تیمەکەی ژنێکی ئێزدی تەمەن ٢٤ ساڵیان ڕزگار کرد بە ناوی شادیە*. شادیە تووشی دەردەسەری بووە بەهۆی  ئەوەی لێپرسینەوەی بەردەوامی لێی دەکرێت سەبارەت بەو ڕۆڵەی بینیویەتی لە فیلمەکەی هرووریدا، پێی وایە گومان خراوەتە سەر بڕیارەکەی بۆ مۆڵەتدان بە هرووری کە چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە. بەهۆی ئەو دەردەسەریانەی تووشی بووە داوای کرد ناوی ڕاستەقینەی خۆی بە شاراوەیی بمێنێتەوە.

هەروەک چۆن هرووری دیمەنێکی ڕزگارکردنی تۆمارکردووە و سەرەتای فیلمەکەی بەوە دەستپێدەکات، ئەو شەوەی شادیەش ئازادکرا، شەوێکی ترسناک بوو، هەرچەندە هیچ کەسێک نەبووە کە بتوانێت بیکات بە بەڵگە. کاتێک کە تیمە فریادڕەسەکە چوونەتە ناو چادرەکەوە، شادیە زیڕەی کردووە و نەیزانیوە متمانە بەم کەسە نامۆیانە بکات یاخود نا. پاشان کاتێک لە کەمپەکە خۆیان دەربازکردووە، ئۆتۆمبێلێک دوایان کەوتووە و تەقەی لێکردوون. ڕەشۆ بە شادیەی نەوت کە هێزەکانی ئاسایش ئاگاداری کردوونەتەوە لە بۆمبێکی چێندراو لەسەر ڕێگەکەیان، بۆئەوەی ئەوەندەی تر نەتۆقێت. پێدەچێت شانە نووستووەکانی داعش لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکەدا هەماهەنگییان لەگەڵ یەکتردا هەبووبێت بۆ هێرش کردنەسەر تیمەکانی ڕزگارکردن. 

شادیە لە نێو خێوەتەکەی خۆیدا لە کەمپێکی زاخۆدا بیری کەوتەوە کە ئەوعەبایەی لەبەریدابووە و تەواوی گیانی داپۆشیوە خێری تێدابووە بۆی، چونکە بەهۆی ئەوەوە بەتەواویی سەری دەرنەکردووە لەو ڕووداوانەی لە دەورووبەریدا دەگوزەران.

ژنێکی دیکەی ئێزدیش لە هەمان چادردا دەستبەسەربوو، بەڵام لەکاتی پڕۆسەی ڕزگارکردنەکەدا خۆی بێدەنگ کردبوو. ژنەکە ناوی سۆزان* بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گوندێکی نزیکی دهۆک وتی: “من زۆر تۆقی بووم و نەمدەوێرا بە تیمەکە بڵێم کە منیش ئێزدیم”. ئەوە لە توانای سۆزان بەدووربوو کە تێبگات لەو پاشاگەردانییەی کە ئەو شەوە لە دەوریدا دەگوزەرا، چونکە ماوەی پێنج ساڵ بوو لە نێو چەکدارانی داعشدا مابوویەوە و لەو ماوەیەدا گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە ئیتر گەلی ئێزدی لەسەر ڕووی زەوی نەماوە. سۆزان دەبوایە چەند مانگێکی تر چاوەڕێی بکردایە تاوەکو تیمی ڕزگاکردنەکە بگەڕێنەوەو ئەویش ببەن.

دکتۆر غەفووری، هرووری بە ژمارەیەک ئەندامانی خانەی ئێزدیی ناساند کە لەنێویاندا ڕەشۆ و پیاوێکی دیکە هەبوون بە ناوی شێخ زیاد عەوداڵ.  هرووری كاتێك چاوی بە شادیە کەوت، ساڵێک لەوەوپێشی بیرکەوتەوە كە لە كەمپێكی نزیك دهۆك کوڕێکی گەنج باسی دایك و خوشك و ئامۆزایەكی خۆی بۆکردبوو بە ناوی شادیە كە لەلایەن داعشەوە بەدیل گیرابوو. هرووری تەلەفۆنی بۆ ئەو گەنجە کردەوە، گەنجەکە پێی وت ئەو ژنەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕزگارکراوە خزمەکەی ئەو بووە.  شادیە دڵخۆش بوو بە بینینی کەسانێک کە ڕووخساریان دۆستایەتی لێ دەباری، ئەوکەسانە خێزانەکەی شادیەیان دەناسی. شادیە پرسیاری زۆری هەبوو بۆ هرووری سەبارەت بە چارەنووسی خێزانەکەی و هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی دەربازبوونی ئێزدییەکان لە کەمپەکە. ئەو دووانە بە خێرایی هۆگری یەکدی بوون.

ئەو ڕزگاربووانەی لە خانەی ئێزدیدا مابوونەوە شەیدای ئەم کەسە غەریبە بووبوون. لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسان دەهاتن و بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم یاخود یەک دوو ڕۆژ دەمانەوە، هرووری بەپێچەوانەوە بنەوبارگەی خۆی لەماڵەکەدا جێگرکردبوو، لە ماڵەکەدا دەژیا و نانیان لەگەڵ کەسانی ناو ماڵەکەدا دەخوارد.  هرووری هەرخۆی هاتبوو، لەگەڵ خۆیدا سێ کامێرا و ئامێری بچووکی فیلمسازی هێنابوو،  دۆستایەتیەکی باشی لەگەڵ خەڵکەکەدا بونیادنابوو، بەجۆرێک چیدی بە غەریبە هەژمار نەدەکرا. ئەویش بە هەمان شێوەزاری کوردیی قسەی دەکرد کە  ئێزدییەکان قسەیان پێدەکرد و باسی خێزان و ژیانی خۆی بۆ دەکردن لە سوید، هەروەها باسی ئەو فیلمانەی بۆ دەکردن کە پێشتر بەرهەمی هێنابوو.

هۆگر هرووری هەر خودی خۆی ستافێکی بەرهەمهێنانی فیلمی دیکیومێنتارییە، لێرەدا لە کاتی خۆرهەڵاتن خەریکی فیلمگرتنە لە ماڵی مەحمود ڕەشۆ لە نزیک حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. وێنە: نێردراوە

بەرزنجی هاوسەری هرووری چەندین جار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجامدا، هەروەها لەگەڵ ژنەکان و دکتۆر غەفووریدا قسەی دەکرد. رزگاربووان پێدەکەنین و گاڵتەیان بە هرووری دەکرد دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە خۆی دایبیی منداڵەکانی گۆڕیوە. ژنەکان پێیان وابوو سویدییەکان خووی ئەم کوڕە لادێییە دهۆکییەیان شڕکردووە، چونکە ئەم کوڕەش هەڵگری پاشخانێکی خێڵەکیی بووە هاوشێوەی ئێزدییەکان.

هەروەها ئەو ژنانە دڵیان لێی دەدا بۆ پڕۆسەی دەرهێنانی فیلم. هرووری ڕێگەی پێدەدان کامێراکانی بەکاربهێنن و خۆیان وەک فیلمساز و ڕۆژنامەنووس پیشاندەدا، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ یەکتری و هرووری و دکتۆر غەفووریدا ئەنجام دەدا. “کاری من بڵاوکردنەوەی بەسەرهاتی ئێزدییەکانە بۆ ئەوەی وەک بەڵگە بمێننەوە و لەناو نەچن. ئەوە کاری منە، بۆئەوەی سبەی کەس نەڵێت شتێکی وایان بەسەردا نەهاتووە” هرووری  لە یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەدا وای وت.

ناویان بۆ کامێراکانی هرووری دانابوو، یەکێکیان ناونابوو گوڵێ، یەکێکی تریشیان ناونابوو عایشۆ و کامێرا گۆپرۆکەشیان بە ناوی خوشکی رزگاربووێکەوە ناونابوو کە هێشتا لەژێردەستی داعشدا مابوو. خودی هرووری ناونابوو ئەبوگوڵێ کە عەرەبییەو بەمانای باوکی گوڵێ دێت.

هرووری بەهۆی کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدیدا لە فیلمەکانی پێشوویدا، دەیزانی کە ڕەزامەندی وەرگرتن لە بەشداربووانی فیلمەکە پڕۆسەیەکی بەردەوامە، بەوپێیەی رزگاربووان لەژێر دەستی داعشدابوون و لەگەڵیاندا ژیاون، لەبەرئەوە ڕەنگە بنەماڵەکانیان ڕازیی نەبن سەبارەت بە بەشداربوونیان لە فیلمەکە و چۆنیەتی وێناکردنی ئازیزانیان تێیدا. هرووری تەواوی ڕێگاکانی پەیوەندیکردن و دەستڕاگەیشتنی خۆی خستە بەردەستی ژنەکان، لەوانە ژمارەی واتسئەپ و هەژماری فەیسبووک و ئینستاگرام و بە ژنەکانی وت پەیوەندیم پێوە بکەن و قسەم لەگەڵ بکەن، ئەگەر خۆتان یان خێزانەکانتان ناڕازیبوون سەبارەت بە دەرکەوتن لە فیلمەکەدا. هەندێکیان دەکرێت ڕەزامەندی دەرنەبڕن.

وردەوردە ژنەکان متمانەیان بە هرووری پەیدا کرد. ئەوان کرانەوەو دەستیانکرد بە قسەکردن لەسەر ئەزموونەکانی خۆیان و تەنانەت زانیاریی هەستیاریان سەبارەت بە سەردەمی دیلیی خۆیان ئاشکرا کرد. چەند وێنەکی مانگی تەمموزی ٢٠١٩ پیشانی دەدەن کە  پەیوەندییەکی دۆستانە خەریکە پەرەدەسێنێت لە نێوان ئەو ژنانە و هرووریدا، بەڵام ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی کێشمەکێشمێکیشە لە نێوان هرووری و کەسێک لە سوید.

هرووری کەوتە پرسیارکردن لەسەر ڕۆڵی دکتۆر غەفووری لە ئازادکردنی ئێزدییەکان. هێزەکانی ئاسایش لە کەمپەکە و ستافی خانەی ئێزدی هەموویان دانیان بەوەدا نا کە ئەو ڕۆڵێکی وای نەبینیوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردندا کە جێگەی باس بێت. بۆیە هرووری بڕیاریدا پزیشکەکە لە فیلمەکە دوور بخاتەوە و تیشک بخاتە سەر تیمی مەحمود ڕەشۆ و رزگاربووان. هرووریو غەفووری بوو بە شەڕ و دەمەبۆڵەیان لە ماڵی ڕەشۆ، لەدوای ئەو ڕووداوە هەرکاتێک هرووری خەریکی ڤیدیۆگرتنی ژنەکان بووایە، دکتۆر غەفوری لەو ناوەدا دەسووڕایەوەو بە مۆبایلەکەی خۆی ڤیدیۆی تۆمار دەکرد.

دکتۆر غەفووری خۆی وەک پاسەوانی دەروازەیەک دەهاتە پێش چاو کە ئەرکی پاراستنی ژنە ڕزگارکراوەکان بوو. بەرلەوەی ئەو و هرووری لە سنوور بپەڕنەوە و بگەنە ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی ئەنجومەنی ڕۆحی ئێزدییان کرد لە ناوچەی پیرۆزی لالش لە نزیک دهۆک، لەوێ دکتۆر غەفووری داوای لە نوێنەری ئەنجومەنەکە کرد کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خانەی ئێزدیدا دروست بکات بۆ ئەوەی باشتر خزمەت بە ڕزگاربووان بکرێت، هەروەها بە سەرکردە ئاینییەکانی وت کە ئەو دەسەڵاتی هەیە بەسەر ڕزگاربوواندا و ئەگەر ڕەزامەندی ئەو  وەرنەگیرێت ئەوا ڕێگە نادرێت بە دەزگا میدیاییەکان دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ژنە رزگاربووەکاندا ساز بکەن.  بەپێی وتەی  چەند کەسێکی ئاشنای غەفووری، کە لەنێویاندا ژمارەیەک لەو ژنانە هەیە کە یارمەتی داون، ئەو دەیزانی چی لە قازانج و زەرەری ئەو ژنە ڕزگاربووانە و منداڵەکانیاندایە.

بە درێژایی وێنەگرتنی فیلمی سەبایا، دکتۆر غەفووری ناوچەکەی بەجێ نەهێشت، بە چڕی چاودێری ژنەکانی دەکرد. لە مانگی نیسانی 2021 بەهۆی لێکەوتەکانی نەخۆشیی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد و دواتریش مەحمود رەشۆ لە نۆڤەمبەری 2021دا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

هرووری بەشی هەرەزۆری فیلمە بەڵگەنامەییەکەی لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران و تەمموزی ٢٠١٩دا تۆمارکردووە لەگەڵ کۆمەڵێک رزگاربوو کە بەو دواییانە لە کەمپەکە ئازادکرابوون، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی دیکە کە بە “سیخوڕە دزەکردووەکان” ناسراوبوون، ئەمانە ئەو ژنانە بوون کە رزگارکرابوون، بەڵام بڕیاریاندابوو کە بەدزییەوە بگەڕێنەوە بۆ ناو کەمپی هۆل بۆئەوەی یارمەتیدەربن لە ناسینەوەی کەسوکارەکانی خۆیان و دیلەکانی تر.

ئەو منداڵانەی لە دایکیان دابڕاون

ئەو ژنە ڕزگاربووانەی کە منداڵیان بووە لە چەکدارانی داعش دەکەونە دووڕیانێکی تەواو دڵتەزێنەوە، ئەوان تەنها بژاردەیەکیان هەیە، ئەویش ئەوەیە یان ئەوەتا دەستبەرداری منداڵە بچووکەکانیان ببن و بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگاکەیان یاخود منداڵەکانیان لە ئامێزی خۆیاندا بهێڵنەوە و لە بەرامبەردا بە هیچ جۆرێک نەچنەوە ناو خێزانەکانیان.

زەهرا، دایکی رەشۆ دەڵێت: “مەحمود هەمیشە بە کچەکانی دەگوت چیتان پێ خۆشە، ئەوە ئەنجام بدەن، جا مانەوە و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بێت یاخود چوونەوە لای خێزانەکانی خۆیان و بەجێهێشتنی منداڵەکانیان بێت”. زەهرا وتیشی: “هەموویان دەیانویست بچنەوە لای خێزانەکانی خۆیان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیانویست منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن”.

لە کاتێکدا ژنان و و کچانی ڕزگاربوو بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی گەرمیان لێدەکرا، ئەو منداڵانەی کە دەستدرێژکارانی داعش باوکیان بوون، وەک کۆسپ و تەگەرەیەکی چەسپیوو مابوونەوە. کۆمەڵگای ئێزدی ڕەتی دەکردەوە باوەشیان بۆ بکاتەوە. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خانەیەکی بێسەرپەرشتانی بەشێوەیەکی پەنهان بۆ دامەزراندن و هەندێکی تریشیان لەلایەن خێزانە کوردە موسڵمانەکانەوە هەڵدەگیرانەوە و بەخێودەکران. دوو هەوڵ و پلان بۆ نیشتەجێکردنی دایکە ڕزگاربووەکان و منداڵەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچی لێ سەوز نەبوو.

ئەنجوومەنی ڕۆحیی ئێزیدی لە مانگی نیسانی ٢٠١٩دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی ژنان لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێزدی، بەڵام کاردانەوەی تووندی کۆمەڵگەکە ئەنجومەنەکەی ناچار کرد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و منداڵەکان لەو مافە بێبەری بکات.

ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، وەک ڕێکارێکی کاتیی، هەمان ڕێوشوێنی حکومەتی هەرێمی گرتەبەر و خانەیەکی بێسەرپەرشتانی کردەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە چەکدارانی داعش باوکیان بوون و بەردەوام ژمارەیان لە زیادبووندا بوو، تاوەکو دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ بابەتەکە.

دکتۆر نەمام غەفووری و شێخ زیاد عەوداڵ لەکاتی سەردانی خانەی بێسەرپەرشتانی منداڵانی ڕزگاربووانی ئێزدی لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا. وێنە: نێردراوە

هرووری لە فیلمە بەڵگەنامەییەکەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەم بڕیارە ئازاربەخشە کە ڕووبەڕووی ڕزگاربووان دەبێتەوە و لە دیمەنێکی فیلمەکەدا منداڵێک لەلایەن دوو نوێنەری خانەی بێسەرپەرشتانەوە دەبردرێت. هەموو ئەوانەی لە ژوورەکەدا ئامادەبوون، هەر لە ژنە رزگاربووەکانەوە بگرە تاوەکو دکتۆر غەفووری و مەحمود رەشۆ و تەنانەت خودی هرووریش بەهۆی ئەو دیمەنەوە تووشی داڕووخان بوون. لە فیلمەکەدا بە ڕوونی دیارە دایکەکە کە ناوی سەمایە* نایەوێت دەستبەرداری منداڵەکەی ببێت.

دکتۆر غەفووری هەوڵی دڵدانەوەی سەمای دەدا و پاکانەی دەکرد بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕۆحییەکەیان، هەروەها پاساوی دەهێنایەوە بۆ ڕێکارەکانی ئیدارەی كوردی لە ڕۆژائاوای کوردستان و شنگال لەم کێشەیەدا، لەبەرامبەردا دەوڵەتی عێراق و دەستوورەكەی تۆمەتبار دەکرد، چونکە بەپێی ڕێکاری ئەوان واپێویستە منداڵ لەسەر بنەمای ئایین و بیروباوەڕی باوكی ناسنامەی بۆ دەربهێنرێت. لەم حاڵەتەشدا، ئەم منداڵانە بە موسڵمان هەژمار دەکران.

“من لێت تێدەگەم کە ئەمە منداڵی تۆیە، بەڵام زۆرن کە دایک و باوک و خوشک و براکانیان لەلایەن موسڵمانانەوە[واتە داعش] کوژراون، هەر بۆیە ئەمە بۆ ئەوانیش خۆش نییە و ویژدانی نییە”. دکتۆر غەفووری لە گرتە ڤیدیۆیەکدا وای بە سەما وت کە هرووری نەیخستووەتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەیەوە. هەروەها پێی وت “دەزانم ئەمە زۆر قورسە لەسەر دڵت، بەڵام چەند کەسێکی تر منداڵەکەت پەروەردە دەکەن و نایدەن بە کەس تاوەکو چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە. هەوڵدەدەین چارەسەرێک بۆ ئەوانەتان بدۆزینەوە کە دەیانەوێت منداڵەکانیان لا بمێنێتەوە. ئەمە کێشەیەک نابێت بۆ ئێمە، بەڵام دەبێت لەم بابەتەدا متمانەتان بە ئێمە هەبێت”.

لە کاتێکدا سەما دەستبەرداری منداڵەکەی دەبوو، هەندێکی تریش هەبوون کە بە دڵ و بە گیان لە هەوڵدابوون بۆئەوەی لە منداڵەکانیان جیانەبنەوە. خانەی ئێزدی جێگەولانەیەکی کاتیی بۆ ئەم کەسانە دابینکردبوو. ژنێک هەبوو کە ماوەی دوو ساڵ دەبوو لەگەڵ دوو منداڵەکەی لە خانوویەکی نزیک گوندی ڕەشۆ دەمایەوە، لەسەر ئەمە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ڕۆژنامە سویدیەکە ڕەشۆ و تیمەکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی ئەم ژنەیان لەو ماڵەدا زیندانی کردووە.

کاتێک کە لە ماڵی ڕەشۆ بووم، ئەو ژنە لە وڵاتێکی ئەوروپییەوە پەیوەندی پێوە کردم و سەرلەبەری ئەو جۆرە دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە لە ماڵەکەدا زیندانی کرابێت. خاوەن خانووەکەش ئافرەتێک بوو کە خەڵکی شنگال بوو دووپاتی کردەوە کە ئەو دایکە ئازادیی ڕەهای هەبووە و بەئارەزووی خۆی دەهات و دەچوو. هەروەها وتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشێکی خانووەکەی خۆمم پێداو بە ئازادی لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا دەژیا. جارێکیان خێزانەکەی ڕێگەیەکی دووریان بڕیبوو لە عێراقەوە هاتبوون بۆ لای ئەم ژنە تاوەکو ڕازی بکەن و بگەڕێتەوە شنگال، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە.

تەواوکردنی فیلمەکە

هرووری شەش جار گەشتی کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٠دا هەوڵیدا دوایین گەشت ئەنجام بدات بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام بەهۆی ڕێکارەکانی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردنەوە نەیتوانی ئەو کارە بکات. لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، لەکاتی مۆنتاژکردنی فیلمەکەدا بڕیاریدا کە بەسەرهاتی شادیە بکاتە ڕووداوی سەرەکی و هەڵسوڕێنەری سەرگوزشتەی فیلمەکە، بەڵام ئەو تۆماری ڤیدیۆیی ساتەوەختی رزگارکردنی شادیەی لەبەردەستدا نەبوو، لەبەرئەوە بڕیاریدا بۆ وێناکردنی دیمەنی ڕزگارکردنەکەی دیمەنی ڕزگارکردنی ژنێکی تر بەکاربهێنێت کە بە هەمان باردۆخ و زنجیرە ڕووداودا تێپەڕیبوو.

وێنەی ڕیکلامێک بۆ فیلمی دیکۆمێنتاریی سەبایا. وێنە: بە سوپاسەوە لە هۆگر هرووری وەرگیراوە

هرووری وتی، “لەمیانی گەشتەکانمدا بۆ سوریا، چەندین ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنم لەناو کەمپی هۆلدا وێنەگرتبوو، کە هەموویان تەواو کاریگەر بوون. شادیە بەسەرهاتی ئەو شەوەی خۆیی بۆ گێڕامەوە کە تێیدا ڕزگارکرابوو لەلایەن مەحمود ڕەشۆ و ژمارەیەک خۆبەخشی خانەی ئێزیدییەوە، من خۆم شاهیدی کۆمەڵێک پرۆسەی ڕزگارکردنی ژنان بووم کە زۆر لەوەی شادیە دەچوو”. هرووری وتیشی “کاتێک خەریکی مۆنتاژکردن بووم، بڕیارم دا شادیە بکەمە یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە. وێناکردنی ڕزگارکردنی ئەو لە ڕێگەی ماددە فیلمییەکانی خۆمەوە بەشێکی گرنگ بوو لە بونیاتنانی تابلۆی شادیە لە سەبایادا”.

جیاوازییەکانی نێوان ڕۆژنامەگەری و بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی ساڵانێکە مشتومڕی لەسەرە و زۆر کەس پێیان وایە فیلمی بەڵگەنامەیی ئەگەر پۆلێن بکرێت دەکەوێتە نێوان ڕۆژنامەگەریی پشتبەستوو بە ڕاستی و هونەر، کە تێیدا فیلمساز ئازادییەکی داهێنەرانەی زیاتری هەیە بۆ گێڕانەوەی سەرگوزشتە و وروژاندنی هەست و سۆزی بینەر.

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، گەشتکردنی کردبووە شتێکی ئەستەم، هرووری نەیتوانی فیلمە تەواوبووەکەی و فۆڕمەکانی ڕەزامەندی ببات بۆ بەشداربووانی فیلمە بەڵگەنامەییەکە، لەبەرئەوە پەنای بردەبەر ڕەزامەندی وەرگرتن لەڕێگەی ئۆنلاینەوە. شادیە ڕازی بوو بە فیلمەکە، بەڵام دایکی ئامۆژگاری دەکرد کە دوو دیمەنی فیلمەکە دەربهێنرێت کە ئەو تێیدا پەردەی هەڵماڵیبوو لەسەر چەند زانیارییەکی هەستیار، ئەو هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئامۆژگارییەکەی دایکیدا نەبوو. شادیە پێشی وتم، ئەو دەیەوێت تەواوی دونیا ئاشنا ببێت بە ئازاری ڕاستەقینەی دیلی و ژێردەستەیی، هەروەها ئەو کەسانەش بناسن کە بەرپرسیارن لەو دۆخە.

نادیە موراد کە ڕزگاربوویەکی ترە وتی، “من کەنیزەک و کۆیلەی سێکسی داعش بووم. من بەسەرهاتی خۆم دەگێڕمەوە چونکە بەهێزترین چەکی دەستمە” ئەم وتانەی نادیە موراد گوزارشت لە هەست و سۆزی شادیەش دەکا.

هرووری لە 2ی تشرینی یەکەمی 2020دا فیلمەکەی پێشکەش بە فێستیڤاڵی فیلمی سەندانس کرد، بەڵام لە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمدا شادیە خواستی خۆی بۆ لابردنی ئەو دوو دیمەنە دەربڕی و فیلمسازان ڕێزیان لە داواکارییەکەی گرت.

“بڕیارماندا کە بەپێی خواستی شادیە هەندێک گۆڕانکاری بکەین لە یەک دوو دیمەندا کە تێیدا دەرکەوتووە.  پێشتر هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو، بەڵام ئێستا ڕای خۆی گۆڕیوە و دەیەوێت بەڕاستی ئەو بەشانە لە فیلمەکە دەربهێنرێن” ئەنتۆنیۆ ڕوسۆ، دەرهێنەرێکی فیلمەکە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە وای پێ وتم.  هەروەها پێی وتم، “ئەوەندەی بیرم بێت ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە بەشێوەیەکی گونجاو نزیکەی ١٠ ڕۆژی پێچوو. کۆپییەکی نوێی فیلمە دیکۆمێنتارییەکە لە ٨ی مانگی یەکی ٢٠٢١ بۆ سەندانس نێردرایەوە”.

سەبایا لە ١ی شوباتی ٢٠٢١دا باشترین خەڵاتی دەرهێنانی لە بواری فیلمی بەڵگەنامەیی سینەمای جیهانیدا بەدەستهێنا، بەڵام زۆری نەخایاند، هرووری ڕووبەڕووی کۆسپ و ئاستەنگ بووەوە.

هۆگر هرووری، خۆشیی دەگێڕا بەهۆی سەرکەوتنی فیلمی سەبایا و بەدەستهێنانی خەڵاتی سەندانس لە بواری فیلمسازیدا، سەبایا بەسەرهاتی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی ئێزدییە بۆ ڕزگارکردنی ژن و منداڵەکانیان لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. هرووری پەنابەرێکە و لە بنچینەدا خەڵکی گوندێکی خنجیلانەی ناو شاخ و کێوەکانە، ئەو بە بوێرییەوە خەونی بە بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکارەوە دەبینی. لە 14ی شوباتی 2021، دوو هەفتە دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی سەندانس، لە فەیسبووک نامەیەکی تایبەتی لە دکتۆر غەفوورییەوە پێگەیشت. ئەمە یەکەمین پەیوەندی ڕاستەوخۆ بوو لەنێوانیاندا لەدوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی ٢٠١٩دا و لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ماڵی مەحمود ڕەشۆ پەیوەندییەکانیان پچڕا و لەیەکتری دابڕان. ئەو دابڕانەش ، کاتێک هاتە ئاراوە کە هرووری بڕیاریدا ئەو دکتۆرە نەخاتە نێو فیلمە دیکۆمێنتارییەکەیەوە.

دكتۆر غەفووری لە نامەکەی فەیسبووكدا وتی، خۆی و “كچەكانی” نایانەوێت لە فیلمەكەدا دەربکەون. ئەو نەیوت کە مەبەست لە “کچەکانی” کێیە، سەرباری ئەمانەش وتی، ئەمە یەکەمجار نییە کە بەبێ پرسی خۆی کەڵک لە کار و زانیارییەکانی وەردەگیرێت لەبارەی ناوچەکەوە. پاشان هرووری تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕەشۆی وەک پاڵەوانێک وێنا کردووە لەکاتێکدا خۆی دەزانێت چی بەسەر کچەکاندا هێناوە، لە کۆتاییدا وتیشی، ڕۆژێک هەر دێت کە ڕاستییەکان ئاشکرا دەبێت.

هرووری لە هەمان ڕۆژدا وەڵامی دایەوەو وتی: “سڵاو نەمام، هیوادارم لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر باش بیت. ئەمانەی کە تۆ دەیڵێیت تۆمەتی مەترسیدارن کە ئاڕاستەی مەحمودی دەکەیت. من بە هیچ شێوەیەک نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە یاخود ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم، چونکە هیچ لەبارەیەوە نازانم”. هەروەها وتی، دکتۆر غەفوری تەنها لە یەک گرتەی فیلمەکەدا لە پشتی چەند ئەکتەرێکەوە دەرکەوتووە. هرووری بۆ غەفووری نووسیوە “تەنها شتێک لە فیلمی ‘سەبایا’دا کە پەیوەندی بە تۆوە هەیە، یەک گرتەڤیدیۆی کورتە لە ماڵی مەحمود کە من لەوێ تۆمارم کردووە، تۆ لەو دیمەنەدا لەنێو چەند کەسێکی تردایت. ئەو دیمەنە تایبەت نییە بە تۆ و هیچ شتێکیش ناڵێیت تێیدا، هەروەها گۆشەنیگای گرتەکە لەسەر کەسێکی ترە نەک تۆ”.

خودی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی ڕەشۆ كرابوون بۆ خۆی مەتەڵێک بوو. ئیلیاس سیدۆ، کە بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و خانەی ئێزدی بوو، بەریەککەوتن و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ دکتۆر غەفووریدا هەبوو، هیچی لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە نەبیستبوو، هەروەها کەسانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان، کە لە نزیکەوە هاوکاری ئەو دکتۆرە بوون لە چاودێریکردنی رزگاربوواندا، بێئاگابوون لە بابەتەکە. هیچ ڕۆژنامەنووسێک بە جەین عەڕەفیشەوە لە ڕیپۆرتاژە مەیدانییەکانی ڕۆژئاوایاندا بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیان بەو پرسە نەکردبوو. دیداری ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ ٢٣ ژنەڕزگاربوو و ئەندامانی خێزانەکانیان سازکرد کە لە ماڵی ڕەشۆدا مابوونەوە، هیچ کەسێکیان ئەو تۆمەتانەیان نەبیستبوو. کاتێک دکتۆر غەفووری لە مانگی تەمموزی ٢٠١٩دا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی پڕهەست و سۆزی دایکی ڕەشۆی بڵاوکردەوە، جەین عەرەف لە کۆمێنتێکدا بۆی نووسیبوو، “چەند خێزانێکی سەرنجڕاکێشن”.

هرووری نەیدەزانی چی بکات و بیر لە چی بکاتەوە، لە کۆتاییدا بڕیاریدا ئەو پرسە لەگەڵ ئەندامانی خانەی ئێزدی باس نەکات و نەیوروژێنێت بەهۆی ناڕوونیی نامەکەوە.

تۆمارکردنی دەنگ

نزیکەی دە ڕۆژ دوای نامەکەی دکتۆر غەفوری، هرووری فۆڕمی ڕەزامەندی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نارد بۆ ئەو ڕزگاربووان و ڕزگارکەرانەی کە لە فیلمەکەدا دەرکەوتوون.

یەکێک لەو ژنانەی کە وەک ئەندامێکی تیمی ڕزگارکەران و سیخوڕە دزەکردووەکان گەڕاوەتەوە بۆ کەمپی هۆل نەخوێندەوارە و برزاکەی خۆی فۆڕمەکەی بۆ خوێندووەتەوە پێش ئەوەی واژۆی لەسەر بکات.  یەکێکی دیکە لە ڕێگەی تەلەفونەوە بە ڕێپیشاندەرە ڕۆژنامەوانییەکەی نیویۆرک تایمزی وتووە کە هەر بە زمانی ئینگلیزی فۆڕمی ڕەزامەندییەکەی بۆ نێردراوە. ئەو تەنها چەند ساڵێکی کەم لە قوتابخانە خوێندوویەتی و بۆیە داوای لە برازاکەی کردووە کە یارمەتیدەری بێت لە واژۆکردنی فۆڕمەکەدا. ئەو برازایەی لەبەردەم خۆی و دوو ڕزگاربووی دیکەدا کە لە فیلمەکەدا ڕۆڵیان بینیبوو دووپاتی کردەوە کە بەڕاستی فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی بووە.

مەحمود ڕەشۆ و د.نەمام غەفووری لە نزیک حەسەکە، باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. وێنە؛ فەیسبووکی نەمام غەفووری

پاش ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی بابەتەکە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ئیمەیڵێکدا بۆ ئەو سینەماکارانەی کە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە دژی ئەو بابەتەی ڕۆژنامەکە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە بە زمانی کوردی قسە دەکەن و فۆڕمی ڕەزامەندی ئەگەر بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بێت، ئەوا ئەوان سەری لێ دەرناکەن. بەڵام ئەمە لە ڕاستیدا تەواوی ورد و دروست نییە. شنگال ناوچەیەکی کێشە لەسەرە لە نێوان هەولێر و بەغدا و لەكاتێكدا زاراوەی كوردیی كرمانجی زمانی بەربڵاوی قسەکردنە لەنێو ئێزدییەکانی ناوچەی شنگال، لەگەڵ ئەوەشدا ئێزدییەكان هەر حەزیان بە زمانی عەرەبییە بۆ خوێندنەوە و نووسین كە زمانی پەروەردە و فێركردن بووە لە قوتابخانەدا. ئەو ئێزدییانەی کە لە سنوری پارێزگای دهۆک دەژین بە شێوەزاری کرمانجی قسە دەکەن و دەخوێننەوە و دەنووسن بەو پێیەی ئەم ناوچەیە دەیان ساڵە بەشێکە لە هەرێمی کوردستان.

دوو سیخوڕی دزەکردووی دیکە واژۆیان لەسەر فۆڕمەکان نەکردووە، یەکێکیان ناوی هاجەرە کە منداڵێکی هەیە لە دەستدرێژیکارێکی داعش، لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا لە فیلمێکی بەڵگەنامەییدا خۆی و منداڵەکەی بەبێ نیقاب لە بەرامبەر کامێرادا دەرکەوتن. هاجەر لە دۆکیومێنتارییەکەدا باسی سەردەمی لە کۆیلایەتی خۆی دەکات، هەوەها لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەری و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەدوێت، وتیشی، کەسێکی نەخوێندەوارم و بە دروستی نازانم تەمەنم چەندە. سیخوڕە دزەکردووەکەی تر ناوی ئێڤارە. ئێڤار دوای مانگێک لە وێنەگرتنی لە ماڵی ڕەشۆدا لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە مانگی ئابی ٢٠١٩ لە شنگال لەگەڵ دکتۆر غەفووری بووە و داوای لە هرووری کردووە بچێتە شنگال و لەوێش وێنەی بگرێت، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکە بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی خۆی بۆ وێنەگرتنی.

لە دەوروبەری ٣ی ئازار و لەوکاتەی کە هاجەر و ئێڤار ئامادەنەبوون فۆڕمی ڕەزامەندی واژۆ بکەن، هەردووکیان هاوڕێ لەگەڵ هەشت ڕزگاربووی دیکە لەگەڵ دکتۆر غەفووری بوون لە زاخۆ و لە چاوەڕوانیدا بوون  بۆ ئەوەی بە دیداری منداڵەکانی خۆیان شادببنەوە کە خانەی بێسەرپەرشتان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە خۆی گرتبوون.

دکتۆر غەفووری بە هاوکاری دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی بەناوی پیتەر گالبرەیس کاری لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییە دەکرد بۆ شادکرنەوەی ژنە ڕزگاربووەکان بە دیداری منداڵەکانیان. دواتر گالبرەیس لە ڕۆژنامەی تایمز و ڕۆژنامە سویدییەکە هێرشی توندی کردە سەر هرووری. دکتۆر غەفووری بانگهێشتی ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و گاردیان و ڕادیۆی گشتی سویدی کردبوو بۆ ڕووماڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت لەبارەی بەیەکگەیشتنەوەی ئەو خێزانانە، هەروەها تیمێکی فیلمسازی ئەمریکی ئامادەبوون کە خەریکی بەرهەمهێنانی فیلمێکی بەڵگەنامەیی بوون سەبارەت بە ڕووماڵی نیویۆرك تایمز بۆ هەوڵ و کۆششەکانی دکتۆر غەفوری لە بەیەکترشادکردنەوەی دایکان و منداڵەکانیان.

دکتۆر غەفووری لەم گەشتەدا تووشی پەتای کۆرۆنا بوو، سەرئەنجام لە ١ی نیساندا لە نەخۆشخانەیەکی سوید کۆچی دوایی کرد. جەین عەرەفیش لە هەمان گەشتدا تووشی پەتای کۆرۆنا بوو، بەڵام بەرگەی گرت و لە مردن ڕزگاری بوو، عەرەف خەم و پەژارەی خۆی بۆ مردنی دکتۆر غەفووری دەربڕی و بە کەسێکی “ڕەسەن و سەرڕاست” و خەباتگێڕ وەسفی کرد کە “بە تاقی تەنها دەیتوانی کێوێک لە بن بهێنێت”.

کاتێک هرووری لەگەڵ هاجەردا بە تەلەفون قسەی کردووە سەبارەت بە واژۆکردنی فۆڕمی ڕەزامەندی، هاجەر چەند تۆمەتێکی ئاراستەی ڕەشۆ کردووە و وتوویەتی، ئەو لە کەمپی هۆل لە مەتبەخێکدا “لە پشتەوە باوەشی پێداکردووە و پێی وتووە بەختەوەر دەبم بەوەی بێمە خوازبێنیت و هاوسەرگیریت لەگەڵدا بکەم، پاشانیش منداڵەکەت بەخێو بکەم”. هاجەر وتی ئەو قسانەی بە هیچ کەسێک نەوتووە، نە بە سیخوڕەدزەکردووەکان و نە بە ئاسایش و نە بە ستافی خانەی ئێزدیش.

هرووری دووپاتی دەکاتەوە کە لەکاتی ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ هاجەردا گوێی لە دکتۆر غەفووری بووە کە لە لایەکی ترەوە خەریکی قسەکردن بووە بۆ هاجەر. ساڵی دواتر، لە هەڵمەتێکی تەواو پیلان بۆ داڕێژراودا، تۆمارێکی دەنگیی گفتوگۆکە لەلایەن ڕۆژنامەیەکی سویدی و ڕادیۆی گشتیی سویدەوە بەکارهێنرا بۆ ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ناووناوبەنگی هرووری، دوای بیستنی وردەکاری تۆمەتەکان ڕاستەوخۆ لە دەمی هاجەرەوە، هرووری دەستبەجێ بابەتەکەی لەگەڵ ژنەبەرپرسی سیخوڕە دزەکردووەکان و شێخ زیاد لە خانەی ئێزدی تاوتوێ کرد. هەردووکیان ڕەتیان کردەوە کە هیچ ئاگایەکیان لەو ڕووداوانە هەبێت کە گوایە ڕوویانداوە. هەروەها ستافی خانەی ئێزدیش لەو بارەوە کەوتنە لێپرسینەوەی توند لە مەحمود ڕەشۆ، ئەویش ڕووداوێکی لەوجۆرەی ڕەت کردەوە. “ئەو کەسە بهێنە کە تۆمەتم دەخاتە پاڵ یاخود با خۆم قسەی لەگەڵدا بکەم. ئەگەر تۆ بتەوێت، ئەوا من بەخۆشحاڵییەوە ئامادەم فیشەکێک بنێم بە سەری خۆمەوە”، ڕەشۆ وای بە هرووری وت کاتێک پەیوەندی پێوە کردبوو بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە.

ئینجا نیویۆرک تایمز تەلەفۆن دەکات

 شادیە لە 19ی ئەیلولی 2021دا لە چادرەکەیدا دانیشتبوو، لە پڕ لانیکەم دوو کەس لە واتسئەپ وێنەیەکیان بۆ نارد. وێنەکە دوو ژنی تێدابوو، بازنە بە دەوری یەکێکیاندا کێشرابوو، وەک ئەوەی بڵێیت کەسێک بەدوایەوە بێت. ئەو کەسانەی نامەکەیان ناردبوو وتیان پیاوێک هەیە بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە لە وێنەکەدان. شادیە تەماشایەکی وێنەکەی کرد و بۆی دەرکەوت کە وێنەکە لە فیلمی بەڵگەنامەیی سەبایای هرووری وەرگیراوە کە تێیدا خۆی لەتەنیشت کچێکەوە دانیشتووە بەناوی سەما کە جلوبەرگی سەوزی پۆشیوە و هەردووکیان بەرەو ئاسۆیەکی دوور دەڕوانن. 

هەرچەندە ڕزگاربووانی ئێزدی لە شوێنێکی پارێزراودا بوون، بەڵام هێشتا لە سەلامەتی خۆیان دەترسان و بەردەوام لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدا دەژیان. هەندێکیان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفونییەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە چاوترسێن دەکران و هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندنیان لێدەکرا.

کاتێک لە مانگی حوزەیراندا لە کەمپێکی پارێزگای دهۆک سەردانی شادیەم کرد، پێی وتم: “بێ‌ئۆقرەبووم ئارامیم لێهەڵگیرابوو”، لەسەروبەندی ئەم قسانەدا بوو، کە لە گوندێکی موسڵمانی ئەو دەوروبەرەوە بانگ درا. شادیە وتیشی “من هيچ ترسم لێنەنیشت، بەڵام یەکسەر تووشی شۆک بووم، وە تووڕە و پەستیش بووم”.

هەندێک کەسی دیکەش هەمان وێنەیان پێگەیشتبوو کە بازنەی بەدەوردا کێشرابوو، وە داوای ناسنامەی ژنە جل سەوزەکەیان لێکرابوو.

لە کاتێکدا شادیە هەر دڵی لای ئەوە بوو کە بۆچی ئەو ژنە خراوەتە بازنەوە، لە پڕ هەمان وێنەی لە ژمارەیەکی نادیارەوە پێگەیشت. پاشان مۆبایلەکەی زەنگی لێدا. ئەو کەسەی پەیوەندی دەکرد سەنگەر خەلیل بوو، ئەو دانی بەوەدانا کە ئەو لە پشتی بڵاوبوونەوەی وێنەکەیە و هەوڵیداوە شوێنپێی هەردوو ڕزگاربووەکە بگرێت بۆئەوەی سەبارەت بە فیلمی سەبایا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام بدات بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز. شادیە هەر نەیدەزانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز چییە و هەروەکو وەرگێڕێک سەنگەر خەلیلیشی وەبیر دەهاتەوە.

مایکل سلاکمان لە ڕۆژنامەی تایمز کە پێداچوونەوەی بۆ هەواڵەکە کردووە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ڕێپیشاندەرەکەیان وێنەی ئەم ژنە مەترسی‌ لەسەرانەی بۆ چەند کەس ناردووە، هەروەها هیچ لێدوانێکی نەدا لەسەر ئەوەی ئەم ڕەفتارە لەلایەن ڕۆژنامەکەیانەوە بە ڕەفتارێکی ئەخلاقی هەژمار دەکرێت یاخود نا.

شادیە ئارامیی لێهەڵگیراو کۆتایی بە پەیوەندییە تەلەفونییەکە هێنا و بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە زنجیرەیەک نامەی دەنگی لە واتسئەپەوە بۆ سەنگەر خەلیل نارد.  هەستی کرد گوشاری دەخرێتەسەر بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئیرادەی خۆی بێت و جڵەو بکرێت. پرسیارەکانی خەلیل بەمەبەست بوون و ئاماژە بوون بۆ ئەوەی کە شادیە ڕەزامەندی نەداوە لەسەر دەرکەوتن لە فیلمەکەدا.  “من داوای لێبوردن دەکەم. من تەنانەت نامەوێت چاوپێکەوتنم لەگەڵدا بکرێت چونکە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن هیچ سوودێکی نییە” شادیە بە توندی لە نامە دەنگییەکەیدا وای بە سەنگەر وت.

خەلیل شادیەی وەڕس کردبوو، چونکە پرسیارەکانی هاوشێوەی پرسیارەکانی کەسێکی دیکە بوو کە هەوڵی دابوو ناچاری بکات ڕەزامەندی خۆی بۆ بەشداربوون لە فیلمەکە بکشێنێتەوە.  شادیە لە باسی دکتۆر نەمام غەفووریدا وتی “لە ساتەوەختی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەوە، نەمام چەندین کەسی ناردووە بۆ لام، شتگەلێک دەڵێن وەک ئەوەی من ڕەزامەندیم دەرنەبڕیبێت بۆ فیلمەکە… تەواو وەڕسیان کردووم.  من منداڵ نیم.  من کچێکی یەک دوو ساڵە نیم کە نەتوانم بۆ خۆم بڕیار بدەم و نەزانم چی باشە و چی خراپە بۆ ئێزدییەکان”.

هاوکارێکی نزیکی دکتۆر غەفووری کە نووسەری ئەم بابەتە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوە کرد، پشتڕاستی کردەوە کە نزیک بووەتەوە لە شادیە و ڕزگاربوویەکی دیکە، بەڵام ڕۆژێک دواتر داوای کرد لەم ڕاپۆرتەدا هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکرێت.

هۆگر هرووری لەکاتی وێنەگرتنی فیلمە بەڵگەنامەییەکەی، سەبایا، لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. وێنە؛ نێردراوە

شادیە بێئەملاولا و بەڕاشکاوی وتی، من ڕەزامەندیم دەربڕیوە بۆ هرووری و فیلمەکەم بینیوە و لە قسەی خۆم پەشیمان نابمەوە. هەروەها وتی “من نامەوێت جڵەوم لە دەستی خۆمدا نەبێت.  هەرچییەکم  وتبێت و هەرچییەکم کردبێت کە لە فیلمەکەدا بڵاوکراوەتەوە، بە ڕەزامەندی خۆم بووە و پەیوەندیی بە هیچ کەسێکەوە نییە”.

دوای چەندین داخوازی لەسەریەک، نیویۆرک تایمز ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک بخاتەڕوو لەسەر ئەوەی ئایا سەنگەر خەلیل، ڕێپیشاندەر و وەرگێڕەکەیان هیچ وانەیەکی پێوتراوە لەسەر “بەکارھێنانی زمانی گونجاو و تەکنیکەکانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەی هەستیارن و تووشی ترۆما و زبری دەروونی و ڕووداوی جەرگبڕ بوون؟”.

هەموو ئەو سەرچاوانەی کە لە بابەتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا ئاماژەیان پێکراوە تەنها لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان پێوەکراوە.

لە ئەمریکا، جەین عەرەف ئاگادارکرایەوە لە وردەکاری گفتوگۆکەی واتسئەپ لەلایەن یەکێک لەو کەسانەی کە کاری لەسەر فیلمەکە کردبوو. “ئەمە گفتوگۆیەکە لە نێوان ڕێپیشاندەرکەت و… [شادیە] … کە ڕۆژی دوای ئەوە، بەدڵی پڕ و چاوی پڕ فرمێسکەوە پەیوەندی بە هۆگر و هاوسەرەکەیەوە کردووە… تۆ بەدوای ژنانێکەوەیت کە بەردەوام مەترسییان لەسەرە. تۆ خۆت باشتر لە من دەزانیت کە خەریکی چیت! وە بە چی مەبەستێک و بۆچی وادەکەیت؟” بەم جۆرە میدیاکارەکە چەند ڕۆژێک پێش بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی، دەردەدڵی کرد لای عەرەف.

عەرەف لە ٢٤ی ئەیلولدا وەڵامی دایەوە و وتی “سەنگەر ڕێزی بێپایانی لە شادیە گرتووە و بەڕوونی پێی وتووە کە لە بارودۆخ و تیڕوانینی ئەو حاڵی دەبێت. شادیە پێی وتووە کە نایەوێت لە هەواڵەکەدا بە هیچ جۆرێک ئاماژەی پێ بکرێت و ئێمەش ئاماژەمان پێ نەکردووە”. هەروەها عەرەف ڕەتی کردەوە کە ئاگای لەو لێدوانەی شادیە بێت کە دەڵێت دکتۆر غەفوری خستوویەتییە ژێر گوشارەوە بۆ کشانەوە لە فیلمەکە.

شادیە تاکە کەس نەبوو کە ناڕازی بوو لە شێوازی پەیوەندی پێوەگرتنیان لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە.

دوانیوەڕۆی ١٧ی ئەیلول، بەرەکات، یەکێک لەو پیاوانەی کە گروپی سیخوڕە دزەکردووەکانی دامەزراندبوو، لە خێوەتەکەیدا بوو لە کەمپی کەبەرتو، کابرایەک لەپڕ بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری سپییەوە دەرکەوت. ئەو کابرایە سەنگەر خەلیل بوو، خۆی وەک کارمەندی رێکخراوێکی مەدەنی ناساند. خەلیل وتی، خۆی و هاوکارێکی لە سوریا بوون کاتێک کچێکی تەمەن حەوت ساڵان و سەما ڕزگارکراون. لە کۆتایی مانگی تەمموزدا، کاتێک لە کافێیەک لە شاری دهۆک پێکەوە قسەمان دەکرد بەرەکات وە بیری هاتەوە کە سەنگەر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشكردنی هاوکاری دارایی بۆ ئەو کچە تەمەن حەوت ساڵە و سەما.

خەلیل ژمارەیەکی لێدا و ژنێکی کەنەدی تەلەفونەکەی هەڵگرت.  بەرەکات ناوی ئەو ژنە کەنەدییەی لەبیرنەماوە. ئەو ژنە بۆ ماوەی پێنج خولەك قسەی كرد و بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی بەو پرسە دەدا كە ئایا مەحمود ڕەشۆ دەستدرێژی كردووەتە سەر ئەو كچ و ژنانە یاخود نا. بەرەکات ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە توندی بەرەنگاری بووەوە و داوای خستنەڕووی هەر بەڵگەیەکی کرد کە لایەتی. ئەم گفتوگۆیە لە ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا بەدی ناکرێت.

له‌ ڕێگه‌ی نووسینگه‌ی ڕزگاركردنی ئێزدییه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دامەزراوە، به‌ره‌كات داوای ژماره‌ ته‌له‌فونی سەما و خێزانی ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌ن 7 ساڵانه‌ی كرد. نووسینگەکە پەیوەندی بە مامی کچەکەوە کرد کە ناوی فەرهاد* بوو، ئەو وتی ئامادەیە پێشوازی لە کۆمەکە داراییەکان بکات و ڕووخسەتی دا ژمارە تەلەفۆنەکەی خۆی بدرێت بە کەسانی تر.

مامە فەرهاد لە گوندێک خانوویەکی بە کرێ گرتبوو، منیش چووم سەرێکم لێیدا، ئەو وتی، لە کاتی پەیوەندی و تێکەڵیی لەگەڵ نیویۆرک تایمزدا، “یاری بە هەست و سۆزم کراوە”.  هەروەها وتی، لەلایەن ڕێپیشاندەر و پەیامنێرەکەوە پێی وتراوە کە بەهۆی فیلمەکەوە، ژیانی برازاکەی لە مەترسیدایە. ئەمەش کەللـەیی کرد و ڕقی هەڵساند، بەڵام دواتر کە تەماشای گوڵبژێرێکی فیلمەکەی کرد کە برازاکەی تێیدا رۆڵی بینیبوو، هیچ شتێکی ناپەسەند و نابەجێی تێدا بەدی نەکردبوو و بۆی دەرکەوت کە ڕۆژنامەکە درۆی لەگەڵدا کردووە.

فەرهاد پێی وتم، “هەر لەسەرەتاوە درۆیان لەگەڵ کردووم.  ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبەڕوو بیان بینمەوە، ئەوا پێیان دەڵێم کە درۆزن بوون و درۆیان کردووە لەگەڵم”. کاتێک تەلەفۆنی بۆ سەنگەر خەلیل کرد بۆ گەیاندنی گلەیی و گازندەی خۆی، ئەو ڕێپیشاندەرە هەر تەلەفۆنەکەی هەڵنەگرت.

دوای ئەوەی کەسێک لە نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزیدیانەوە لەگەڵ سەنگەر خەلیل کۆبوویەوە، مامە فەرهاد پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ نووسینگەکە ئەنجامدا و ئەو کەسە پێی وت کە ئەو کەسەی کە باس دەکرێت سەر بە ڕێکخراوە ناحکومییە هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕێکخراوەییەوە نییەو تەنها ڕۆژنامەنووسێکە. خەزووری سەماش هەر لە پەیوەندی و پرس‌وجۆدا بوو بۆئەوەی بزانێت کە ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە چی بەسەر هاتووە. هەوڵەکانی نووسینگەی رزگارکردنەکە بۆ پەیوەندیکردن بە خەلیلەوە لە سەرەتادا هیچی لێ وەچنگ نەهات، لەبەرئەوە نووسینگەکە زۆر توڕە و قەڵس بوو. پاش ماوەیەک خەلیل وەڵامی دایەوە و وتی لە بارودۆخێکی تەندروستی خراپدا بووە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە خۆی و ئافرەتێکی کەنەدی لەگەڵ سەما و هاوسەرەکەی قسەیان کردووە. لە نامە دەنگییەکەی واتسئەپدا کە بۆ بەرەکاتی ناردووە، خەلیل پرسی کارکردنی خۆی بۆ ڕێکخراوێکی ناحکومی پشتگوێ دەخات و ناچێت بەلایدا.

هەرچەند بەڵێنی هاوکارییان پێ درابوو، بەڵام هیچ یەکێک لەو خێزانانە هیچ بڕە کۆمەکێکی داراییان پێ‌نەگەیشتووە.

عەرەف لە بابەتەکەیدا جاڕی ئەوە دەدات کە سەما، ئەو ژنەی کە لە فیلمەکەدا لە منداڵەکەی دادەبڕێت، بە نیویۆرك تایمزی وتووە: “من هرووریم بینیوە کە ڤیدیۆی گرتووم، بەڵام نەمزانیوە بۆچییەتی”.  بەڵام سەما پێی وتم ئەمە بێبنەمایە و دروست نییە، بەپێچەوانەوە بە نیویۆرك تایمزی وتووە کە هرووری چەندینجار لێی پرسیوە کە ئایا خۆی و کەسانی تر لارییان هەیە وێنەیان بگیرێت یاخود نا.

“من واژۆم لەسەر هیچ شتێک نەکردووە، بەڵام بە هرووریم وتووە دەتوانیت ڤیدیۆم ‌بگریت. ئەوەندە نەدەبوو کە من لە مردن گەڕابوومەوە و ئەوە هەر کێشە نەبووە بۆم”، سەما وای وت.

بە وتەی سەما، پەیامنێر و ڕێپیشاندەرە ڕۆژنامەوانییەکە هەر جەختیان لەوە دەکردەوە کە هرووری بەشێوەیەکی نهێنی وێنەی ئەمی گرتووە، بەڵام سەما بۆ خۆی شتی وای ڕەت کردووەتەوە. لە باسی ڕەشۆدا، عەرەف چەندین جار لە سەمای پرسیوە کە ئایا ڕەشۆ ناچاری کردوویت دەستبەرداری منداڵەکەت بیت یاخود نا؟  سەما لە وەڵامدا ڕەتی کردووتەوە ڕەشۆ شتی وای کردبێت.

من پەیوەندیم بە شەش ژنی دیکەوە کرد کە لە فیلمەکەدا بەشداربوون و پێیان وتم کە هیچ کێشەیەکیان نییە لەگەڵ فیلمە بەڵگەنامەییەکەی هرووریدا و بەشداریکردنیشیان بە ڕەزامەندی خۆیان بووە. هەروەها هەر گومانێکیان ڕەتکردەوە کە باسی هەڵسوکەوتی نابەجێی ڕەشۆ بکات بەرامبەر بە ڕزگاربووان و تەنانەت زۆر تامەزرۆبوون و مەراقیان کردبوو بۆئەوەی بزانن کە کێ لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتانەوەیە.

شوێنەوار و دەرهاویشتەکانی

دوای سێ ساڵ لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە، لە کۆی ١١ کەسی ڕزگابوو، ٩ کەسیان بە موحیبەتەوەو وەک برایەک بیریان لە هرووری دەکردەوە و بێئەملاولا هەر دەنگۆیەکیان ڕەت دەکردەوە کە بڵێت بە خراپ کەڵکیان لێ وەرگیراوە. چەند مانگێکیش پێش بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی نیویۆرک تایمز. ڕووخساری دوو ڕزگاربووەکەی دیکەی لە ناو فیلمەکەدا تەڵ کراوە.

یەکێک لە ڕزگاربووەکان لە کەمپێکی دەوروبەری دهۆک وتی، “هۆگر وەک برایەک دەبینم و ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە بۆ دواوە، ئەوا هەر ڕووخسەتم  پێدەدا بۆ فیلمەکە”.  هەروەها وتی “من دەمەوێت هەموو دونیا بزانێت کە چیمان بەسەر هاتووە. هیچ ئاکارێکی ناپەسەندی بەرامبەر بە من ئەنجام نەداوە”.

هەروەها ئەو ژنانە بە خۆشەویستی و تامەزرۆییەوە یادی مەحمود ڕەشۆیان دەکردەوە.

مەحمود ڕەشۆ لە ماڵەکەی خۆی لە حەسەکە، باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. وێنە؛ نێردراوە

شادیە کە داواکاری کۆچکردنی بۆ دەرەوەی وڵات پێشکەش کردووە وتی، پێش ئەوەی وڵات بەجێبهێڵێت، بەنیازە سەردانی گۆڕەکەی ڕەشۆ بکات بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لێبکات.  شادیە هەروەها وتی “بە عەقڵمدا ناچێت ڕەشۆ مردبێت. ئەو زۆر میهرەبان بوو لەگەڵمان. کاتێک کۆچی دوایی کرد، من و دوو ڕزگاربووی دیکە وێنەی پڕۆفایلەکانی خۆمان لە فەیسبووک گۆڕی بۆ وێنەی ئەو”.

کاتێک شادیە ئەو ڕۆژەی وەبیرهاتەوە کە هەواڵی مەرگی ڕەشۆی تێدا بیستبوو، لەناو خێمەکەی خۆیدا دەستی کرد بە گریان و بۆ ماوەی پێنج خولەک ژیر نەبووەوە. ئەو وتی “پێش ئەوەی ئێرە بەجێبهێڵم و بەرەو وڵاتێکی تر بەڕێ بکەوم، دەچم سەردانێکی گۆڕەکەی دەکەم”.

بە پشتبەستن بەو گەشتانەی کە کردوومە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین کەمپ و شارۆچکەی پارێزگای دهۆک، هەروەها ئەنجامدانی چەندین دیداری ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕزگاربوواندا، ڕوون نییە کە چۆن ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بەو دەرئەنجامە گەیشتووە کە زۆربەی ژنان ڕەزامەندی خۆیان دەرنەبڕیوە بۆ دەرکەوتن لە فیلمی سەبایا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لایەنگری و پشتیوانی لە هەواڵەکەی دەکات، مایکل سلاکمان، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە، لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە لە 22ی ئابدا، لە وەڵامی 14 پرسیاری تێروتەسەلدا وتی “بە شێوەیەکی گشتگیر دەتوانم پێتان بڵێم کە ئێمە زۆر پشت قایم و دڵنیاین لە ڕاپۆرتەکانمان”.

سێ ڕۆژ دواتر، نیکۆڵ تایلۆر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕۆژنامەکە، لە ئیمەیڵێکدا وتی “ئێمە لایەنگری و پشتیوانی لە هەواڵەکەمان دەکەین، کە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ پێنج ئافرەت و سەرپەرشتیاری منداڵێکی کەمتەمەن کە لە فیلمەکەدا دەرکەوتوون بڵاوکراوەتەوە، هەروەها لە هەواڵەکەدا پشت بەستراوە بە زانیارییەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. وتەو لێدوانی سەرچاوەکانمان بە دروستی و بە تێروتەسەلی گەیەندراوە. ئێمە بە پێداگرییەوە لایەنگری و پشتیوانی لە پەیامنێرەکانمان دەکەین، کە بەردەوام شەفافیەتی تەواویان لەبەرچاو گرتووە و ڕێز و هاوسۆزی بێپایانیان نیشان داوە بۆ پاراستنی سەلامەتی سەرچاوەکانمان لە پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە”.

نازدار، خوشکی دکتۆر غەفووری چەندین وتاری لە میدیاکانی سویددا بڵاوکردەوە کە تێیدا هێرش دەکاتەسەر هرووری و ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو پرسانەیە کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ڕۆژنامە سویدییەکە ورووژاندوویەتی. مەلینا ڕێمبێ کە پێشتر پۆستێکی باڵای هەبووە لە دەزگاکانی دژە تیرۆری حکومەتی سویددا و وەکو ڕاوێژکاری ئەمنیش کاری کردووە، هاوڕێ لەگەڵ دکتۆر نازداردا بێوچانانە هەڵمەتی دژی سەبایا بەرپا کردووە و پەیوەندییان لەگەڵ دەیان ڕۆژنامەنووس و سینەماکار بەستووە بۆ ئەوەی هەڵوێستیان بنوێنن دژی فیلمەکە. ڕێمبێ لە 13ی ئابدا قسەی لەگەڵ فرێدریک گێرتن کرد، کە سینەماکارێکی دیکۆمێنتاریی ناودارە لە سوید و هەوڵیدا ڕازی بکات کە هەڵوێست دژی سەبایا بنوێنێت بەڵام ئەو بەوپەڕی ڕێزەوە ئەو داوایەی ڕەت کردووەتەوە. کاتێک ڕێمبێ هەوڵیداوە هرووری و بەرهەمهێنەرەکەی وەک دژە ژن وێنا بکات، گێرتن ڕووبەڕووی ئەم وێناکردنە بووەتەوە و وتوویەتی من ئاشنای هەردووکیانم و تۆمەتێکی وا ناڕەوا و نابەجێیە. دواتر ڕێمبێ بە سینەماکارەکەی وتووە کە نیویۆرک تایمز پەردە لەسەر هەموو شتێک هەڵدەماڵێت. ئەم گفتوگۆیە، ٤٣ ڕۆژ پێش ئەوەی ڕۆژنامەی تایمز یەکەم بابەتی خۆی لەسەر فیلمەکە بڵاوبکاتەوە، ڕوویداوە. تەنانەت ڕێمبێ لە مانگی شوباتدا گەشتێکی ئەنجام داوە بۆ کەمپێکی ئاوارەکان لە نزیک دهۆک و چووەتە بنکڵێشەی کچێکی ئێزیدیەوە بۆ ئەوەی دژی هرووری قسە بکات، ئەو کچە پاڵەوانی سەرەکی یەکەمین فیلمی هرووری بووە. کچەکە و خێزانەکەی وایان وت بە نووسەری ئەم بابەتە. 

تەواوی خێزانی هرووری خرانە دۆزەخەوە

لە ڕۆژان و هەفتەکانی دوای بابەتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هرووری وردە وردە وازی لە خواردن و خەوتن هێنا و بەزەحمەت خۆی پێدەناسرایەوە. “لە ژیانمدا شتم زۆر بینیوە، وەكو جەنگ و تەرم و پێکدادان، بەڵام هەرگیز بەو جۆرە هەست و بارودۆخەدا تێنەپەڕیووم كە دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکە پێیدا تێپەڕبووم” هرووری وای وت.

هرووری دەڵێت: “ژیان بە تەواوی لەبەرچاوم بووبوو بە تاریکستان. هەموو شتێک لەبەرچاوم ڕەش هەڵگەڕابوو، جەستەم لە ماڵەوە بوو، بەڵام دڵ و مێشکم لە شوێنێکی تر بوو. لە دۆخێکی دەروونی پڕمەترسیدا بووم. کەسانی دەورووبەرم داوایان لێدەکردم سەردانی پزیشکی دەروونی بکەم، بەڵام هێز و ورەم لێبڕا بوو، نەمدەتوانی هانا بۆ کەسێک ببەم”.

هرووری بەتەواوی دڵ و مێشکی لای ئەوهەڵمەت و هێرشە بوو کە دژی خۆی و فیلمەکەی بەرپا کرابوو. خۆی دابڕیبوو لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها لە دەوروبەرەکەی خۆیشی بەدگومان بوو.

هەواڵەکە تەشەنەی سەندبوو بۆ هەموو لایەک و تەنانەت دوو منداڵەکەی هرووریش پریشکی ئەو ئاگرەیان بەرکەوتبوو. هرووری بەیانییەک قسەی کوڕە حەوت ساڵانەکەی خۆی بەرگوێ کەوت کە لە مەتبەخدا بە دایکی دەوت، “من نامەوێت بچمە قوتابخانە، چونکە پاشناوەکەم وەک هی باوکمە”. هەروەها وتی، “من دەترسم لەوەی کە چۆن ئازاری باوکمیان داوە، بەو جۆرەش ئازاری من بدەن”.

گۆڕی ئێزدییەک لە حەسەکە، باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. وێنە؛ فازڵ هەورامی، تەموزی ٢٠٢٢

هرووری سەر لەوە دەرناکات کە بۆچی چەندین کەس لە سوید و کوردستان و ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەو چڕییە دژی خۆی و فیلمەکەی پیلان دەگێڕن. ئەو ئەوەی بەلاوە سەیرە کە زۆرێک لەو ڕزگاربووانەی کە وێنەی گرتوون لە فیلم و کەناڵەکانی تریش دەرکەوتوون و باسی ئەزموون و بەسەرهاتی خۆیان کردووە لەژێردەستی داعشدا، تەنانەت پەردەیان لەسەر زانیاری زۆر تاکەکەسی خۆیان لابردووە.

“هەڵمەتەکە عەقڵی لەسەری مرۆڤدا نەدەهێشت، هەروەها پانتایی هەڵمەتەکە بە عەقڵدا نەدەچوو” هرووری وای وت. هرووری سەری لەوە دەرناچێت کە بۆچی چەند کەس لە بواری فیلمسازیدا، بەبێ ئەوەی گفتوگۆیەک لەگەڵ خۆیدا بکەن و تەنانەت تەماشایەکی فیلمەکەشیان کردبێت، هەڵدەستن لە ڕێگەی واژۆکردنی داخوازینامەیەکەوە داوا لە پەیمانگای سەندانس دەکەن خەڵاتی فیلمەکە لە بەرهەمهێنەرانی وەربگرێتەوە. پەیوەندیم بە نزیکەی ٣٠ کەسەوە کرد کە واژۆیان لەسەر داخوازینامەکە کردبوو. زۆربەیان وەڵامیان نەدایەوە. پێنج کەسیان منیان ڕەوانەی ڕێکخەری داخوازینامەکە کرد. تەنها یەکێکیان بە مەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت وتی، دەتوانم بڵێم هیچ کەسێک لەوانەی کە واژۆیان لەسەر داخوازینامەکە کردووە هەر تەماشای فیلمەکەشیان نەکردووە. 

“لە ژیانمدا هەرگیز شەڕوململانێی لەم جۆرەم نەبینووە. تا ئەم ساتەوەختە چەندین شتی تر هەیە کە بێئاگام لێی. ئەوان ئەوەندە درۆیان کردووە، ئیتر بۆم دەرکەتووە کە ئامادەن هەموو شتێک بکەن تاوەکو فیلمەکە ڕابگیرێت” هرووری وای وت.

ئەو بیرۆکە سەرەکییەی هرووری و هاوسەرەکەی لە مێشکیاندا بوو بەرهەمهێنانی فیلمێکی بەڵگەنامەیی مێژوویی بوو، بۆ ئەوەی کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەسەر هیچ پێکهاتەیەکی تردا نەیەت. هرووری هەروەها ویستویەتی تیشک بخاتەسەر ژیانی ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان بووە، چونکە تائێستاش زۆربەیان لە خێوەت و کەمپەکانی سەرانسەری پارێزگای دهۆکدا لە ئازار و مەینەتیدا ژیان دەگوزەرێنن. دوو مانگ پێش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، هرووری و دەرهێنەرەکەی ئامادەکارییان دەکرد بۆ تۆمارکردنی سندوقێکی پاڵپشتی دارایی لە ئەمریکا بەناوی “کچە ئێزدییەکان ڕزگار بکەن، تا دوا دانەیان”، ئەم سندوقە بۆ کۆکردنەوەی پارە بوو بۆ ئازادکردنی دیلەکانی ژێردەستی داعش.

سەرەڕای هەڵمەت و هێرشەکان، بەرزنجی هاوسەری هرووری متمانەی بە مێردەکەی هەیە و پێیوایە هیچ هەڵەیەکی ئەنجام نەداوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رزگاربوواندا. بەرزنجی لە ئیمەیڵێکدا وتی: “بەڕاستی کارەساتێکی گەورەیە کە بیرۆکەیەکی باش و گرنگ بۆ تیشک خستنەسەر ئەم ژنانە بەتەواوی بەلاڕێدا دەبرێت و سەرەوژێر دەکرێت.” هەروەها وتی “گەورەترین قوربانی لەم ‘هەڵمەتەدا’ ئەو ژنانەن کە لە فیلمەکەدان، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر خراونەتە ژێر فشارەوەو لە ئێستاشدا نیشانەی پرسیار دەخرێتە سەریان بەهۆی بەکارهێنانی دەنگەکانیانەوە.”

* ئەو ناوانەی بەکارهێنراون ناوی خوازراون بۆ پاراستنی شوناسی خۆیان و خێزانەکانیان.

دەزگای نسارڕیکۆرد هەوڵیدا پەیوەندی بگرێت لەگەڵ پیتەر گاڵبرەیس و دکتۆر نازدار غەفوری و مەلینا ڕێمبێ و ڕۆژنامە سوویدییەکە کە ناو “کڤارتال”ـە، بەڵام هیچیان وەڵامی بەدواداچوونەکانی ئێمەیان نەدایەوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن پاراگرافەوە وەرگێڕدراوەته زمانى كوردى